گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستان

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە بەهۆی دیاردە سەختەکانی کەشوهەوا، نزیکەی ٣٨ هەزار کەس لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئەفغانستان ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ڕووداوە سەختەکانی کەشوهەوا نزیکەی هەزار کەسی ناچارکردووە کە نیوەیان منداڵن، ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

شیکاری داتاکانی سەنتەری چاودێری ناوخۆیی ئاوارەبوون IDMC دەریخستووە کە ئاوارەبوون لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی وشکەساڵی و پلەی گەرمی زۆر و لافاو و زەوی لەرزین و بەفربارین و زریانەکانەوە زیاتر بووە.

 

نیوەی ئەو کەسانەی کە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن لە ئەفغانستان منداڵن، وە ئەفغانستان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕووبەڕووی زۆرترین ئاوارەبوونی منداڵان بەهۆی کارەساتی کەشوهەوا لە نێوان وڵاتانی جیهان بووەتەوە.

 

کارەساتەکانی کەشوهەوا لە ساڵی ٢٠٢٢ بووە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی خەڵک لە ماڵ و حاڵی خۆیانەوە کۆچ بکەن و ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی ئەفغانستان بکەن، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان وشکەساڵی هۆکاری سەرەکی ئاوارەبوون بووە کە لە ئەنجامی کارەساتی شەڕ دروست بووە و لە هەر حەوت ئەفغانییەک یەکێکیان ڕووبەڕووی ئاوارەبوونی درێژخایەن بووەتەوە.

ئەفغانستان شەشەم وڵاتی بێبەشە لە بەرامبەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام هاوکات یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین توانای گونجاندن و مامەڵەکردنی لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانەکەدا هەیە، لە هەر سێ کەس لە ئەفغانستان زیاتر لە یەک کەس ڕووبەڕووی ئاستی مەترسیداری برسێتی دەبنەوە، زۆربەیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک ژیانیان زەحمەت بووە، پارێزگای قەندەهار لە باشوور بە توندی کاریگەری وشکەساڵی لەسەرە، دوای وشکبوونی سەدان بیر و سەرچاوەی ئاوی لەو ناوچەیە خەڵک کۆچیان کرد بۆ ناوچەکانی دیکە، لە یەکێک لە گوندەکاندا نزیکەی نیوەی خێزانەکان بەهۆی کەمی ئاوی پاکەوە ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.

 

منداڵان بۆ هێنانی ئاو لە بیرێک کە ئاژەڵەکانیش بەکاریان دەهێنا، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی زۆر بە پێ دەڕۆیشتن، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان.

 

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ژنان بە شێوەیەکی نا ڕێژەیی بە بەراورد بە پیاوان کاریگەری کارەساتەکانی کەشوهەوایان لەسەرە، بەتایبەت ئەوانەی لە دۆخێکی ناسکدا دەژین، هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ٢٠١٩ دەرچووە، دەرکەوتووە کە نزیکەی لە ٪٦٠ی گیان لەدەستدان بەهۆی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەواوە دروست بووە.