مافی مرۆڤی جیهانی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی دەکات

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی داوای لە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کرد کە سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری ئێرانی ڕابگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی-هیومان ڕایتس وۆچ، دوێنێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای کرد، سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەمەدی، چالاکوانی مافی کرێکاری لە ئێران، لەلایەن سەرۆک کۆماری نوێی ئێران هەڵبوەشێتەوە و سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئەنجام بدات.

 

ناهید نەقشبەندی، بەرپرسی توێژینەوەی ئێران لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، وتی: دەسەڵاتدارانی ئێران نەک هەر چالاکوانانی ژن دەکەنە ئامانج، بەڵکو هێرش و سەرکوتی زیاتر لە دژی ژنانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان ئەنجام دەدەن، ئەگەر سەرۆک کۆماری نوێ دەیەوێت گۆڕانکاری ڕاستەقینە نیشان بدات، دەبێت سەرکوتکردن و سزای لەسێدارەدانی بەردەوام ڕابگرێت.

 

دوو ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دادگای شۆڕشی ڕەشت، بە تۆمەتی “خیانەت”، سزای لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوانی کرێکاری شەریفە محەمەدی پەسەند کرد و کاردانەوەی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی لێکەوتەوە.

 

شەریفە محەمەدی تەمەن ٤٥ ساڵ، ڕۆژی ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕەشت دەستگیرکرا، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ پشتڕاستیان کردەوە کە شەریفە محەمەدی چالاکوانی کۆمەڵایەتی بووە و هیچ چالاکییەکی سیاسیی نەبووه، سزای له سێدارەدانی به تۆمه تی “خیانەت”یش بە ئامانجی ترساندنی بزووتنەوەی کرێکاری بەسەردا سەپێنراوە.

 

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شەریفە محەمەدی ڕایگەیاند کە ئەم چالاکوانە هەتا ساڵی ٢٠١٣ ئەندامی کۆمەڵەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبی کۆمەڵەی ئێرانەوە نییە.

 

هیومان ڕایتس وۆچ پشتڕاستی کردەوە کە، "دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگەی سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتی و گرتن و مامەڵەی خراپ لەگەڵ چالاکوانانی ژن، بێبایەخی خۆیان بە مافەکانی کەمینەکان و ژنان نیشان دا و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی شەریفە محەمەدی دەکەین.

 

هەروەها کۆمەڵێک لە ژنە دەستبەسەرکراوانی زیندانی ئەڤین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕەنگە ئەمە پێشەکییەک بێت بۆ دەرکردنی سزای قورس لە دژی نەیارانی دیکەی ڕژێمی ئێران، سزای لەسێدارەدانیان شەرمەزار کرد.