لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە سەدان کەس توشی کۆلێرا بوون

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئامارەکانی زیاتر لە ٦٠٠ حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە باشووری یەمەن تۆمار کراوە.

یەمەن

 

ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن ناوەندی چاودێری پەتاکانەوە لە کەنارەکانی حەزەرلمەوت ڕاگەیەندرا، دەریخست کە لە ماوەی ١ی کانوونی دووەم تا ١٤ی تەمموزی ئەمساڵ ٦٦٠ حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە ناوچە کەنارییەکان تۆمارکراوە.

 

لەو حاڵەتانەدا ٣٠ حاڵەت لە تاقیگە پشتڕاستکراونەتەوە و یەک حاڵەتی مردنیش تۆمارکراوە، هاوکات ژمارەی چاکبووان گەیشتووەتە ٦٥٨ حاڵەت، کە دەکاتە ٨٥٪ی کۆی تووشبووان کە لە هەمان ماوەی تۆمارکراودا تۆمارکراون.

 

داتاکان دەریدەخەن ٪٥١ی ئەوانەی گومانی تووشبوونیان لێکراوە لە ڕەگەزی مێ بوون، بە بەراورد بە پیاوان کە لە ٪٤٩ بوو، هەروەها زۆرینەی تووشبووان لە شاری موکەڵای چڕبوونەتەوە و ٣٨٩ حاڵەت تیایدا تۆمارکراوە، دوای ئەویش دوعن دێت کە ٦٩ حاڵەتی تیادا تۆمارکراوە، پاشان باوزیر ٤٠ حاڵەت.

 

سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ٪٨٥ی ئەوانەی گومانیان لێدەکرێت تووشی کۆلێرا ببن ئەوانەن کە کوتانیان ئەنجام نەداوە، هاوکات ٪٨یان یەک ژەمی کوتانیان وەرگرتووە و ٪٧یان دوو ژەمە کوتانیان وەرگرتووە.