لە ئەفغانستان بەهۆی گەردەلولێک دەیان کەس گیانیان لەدەستدا

 بەهۆی باران بارینی بەخوڕ و زریان، لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو گۆڕانکارییەی کەشوهەوا کە ئەفغانستان بەخۆیەوە بینیووە، لەوانە بارانبارینی بەخوڕ و زریانی بە‌هێز، بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس، هاوکات سەدان کەسیش برینداربوون، ئەمە جگە لە وێرانکردنی ماڵ و باڵەخانەکان.

 

دوێنێ ١٥ی تەمووز، بەرپرسێکی ناوخۆیی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بارانبارین کە لەگەڵ زریانی بەهێزدا لە شاری جەلال ئاباد و دەوروبەری لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم ٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیان تێدایە و ٢٠٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

بەرپرسی وەزارەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لەم پارێزگایە کە هاوسنوورە لەگەڵ پاکستان ڕایگەیاند، لەناو گیان لەدەستدراوەکان پێنج ئەندامی خێزانێک بوون کە بەهۆی داڕمانی سەقفی ماڵەکەیان لە ڕێگای سەرخ گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەشکرد، زریانەکە چەندین موڵک و بەروبوومی لەناوبردووە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا.

 

بەرپرسی نەخۆشخانەی ناوچەیی لە نەنگەرهار ڕایگەیاند، بریندار و کوژراوەکان بۆ نەخۆشخانەی فاتیمە ئەلزەهرا لە جەلال ئاباد گواستراونەتەوە.

 

پێشتر پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی پشتڕاستی کردەوە کە بارانبارینی بەخوڕ لە ئەفغانستان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٣٠٠ کەس و کە زۆربەیان لە پارێزگای باغلان لە باکووری ئەفغانستان لە ڕۆژانی ١٠و ١١ی ئایاردا بوون.