"ڕێگای زانستی چارەسەری کێشەکانی خاک، ئاو و کشتوکاڵ دەکات"

بێریڤان محەمەد، هاوسەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانستی کشتوکاڵی بۆ داهێنان و پسپۆڕی بەشی بایۆلۆجی ڕایگەیاند، بە شێوازی زانستی کێشەی خاک و ئاو دەبینن و کێشەکان بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ چارەسەر دەکەن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- بەهۆی زیادبوون یان کەمبوونەوە و بەکارهێنانی پێوانەی کیمیایی، کێشەی زۆر لە خاک، ئاو و هەوادا دروستکردووە، بەو پێیەی خاک و ئاو و ڕووەک پێکهاتە و سەرچاوە سەرەکییەکانی سیستمی کشتوکاڵین، ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ڕێگەی زانستی بۆ تێگەیشتن لە کێشەکان و چارەسەرکردنیان هەنگاوی گرنگە، لەسەر بنەمای ئەمەش سەنتەری توێژینەوەی زانستی کشتوکاڵی بۆ داهێنان لە شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جەزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاقیگەی شیکاری خاک و ئاوی کردەوە.

 

بێریڤان محەمەد، هاوسەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانستی کشتوکاڵی بۆ داهێنان و پسپۆڕی بەشی بایۆلۆجی لە کانتۆنی جەزیرە، باسی لەوەکرد، کار بۆ هاوکاریکردنی جوتیاران و پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەن و وتی: تاقیگەکەمان لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی بە کارەکانی کردووە، ئامانجمان یارمەتیدانی جووتیارانە، چونکە پێوانەی کیمیایی گرانە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەمانەوێت سوود بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بگەیەنین بەپێی پێویستیەکانی، ئەو شیکارییەی خاک کە لە تاقیگەدا ئەنجامی دەدەین شیکاری توخمە سەرەکییەکانە، ماددە ئۆرگانییەکان، پێکهاتەی خاک، مەگنیسیۆم و کالیسیۆم هەروەها شیکاری کلۆر و بیکاربۆناتە بۆ ئاو.

 

دەبێت هەنگاوەکان بگیرێنە بەر

بێریڤان محەمەد باسی لەوەشکرد، زۆرێک لە جووتیاران نازانن چۆن نمونەی ئاو و خاک وەربگرن، بۆیە لە ئێستادا سەرقاڵی ئەنجامدانی وۆرک شۆپی ڕاهێنانن لەسەر ڕێنماییە کشتوکاڵییەکان بۆ جووتیاران، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیان لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی نموونە بە شێوەیەکی دروست بدەن.

 

بێریڤان محەمەد مەرجە سەرەتاییەکانی سەرکەوتنی نمونەی خاک و ئاوی بەم شێوەیە خستەڕوو: لێرەوە دەمانەوێت دەستمان بە جووتیاران بگەیەنین کە دەبێت ئەم هەنگاوە سەرەتاییانە ئەنجام بدەن بۆ وەرگرتنی نمونەی گونجاو، وەرگرتنی نمونە بە پێی وەرزەکان دۆگۆڕدرێت، بۆیە قووڵی نمونەکە بۆ وەرزی زستان دەبێت ٣٠ سم بێت لەکاتێکدا وەرزی هاوین نزیکەی ٩٠ سم بێت، پاشان هەموو ئەم جۆرانە تێکەڵ دەکرێن و دوو کیلۆ لەو خاکە دەنێردرێت بۆ تاقیگە بۆ شیکاری.

 

"گرنگی توێژینەوە بۆ گەشەپێدانی بازاڕی کشتوکاڵیە"

بێریڤان محەمەد ڕایدەگەیەنێت، ئەو شێوازە زانستی و کرداریانەی بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی ئەو سەرچاوانە بەکارهێنراون، شیکارییەکی هەمەلایەنە و شیکارییەکی وردە بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی ئەو کێشانە وتیشی: دوای دەستنیشانکردنی دروست، شێوازی چارەسەری دروست بەرهەم دەهێنێت، جۆرە خاکێک هەیە پێویستیان بە پەینی زۆر نییە بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومێکی باش، لەم پڕۆسەیەدا پارەیەکی زۆر خەرج ناکرێت بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و چارەسەرکردنیان.