سنووری برادۆست لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومان کرا
دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی سنوورەکانی باکوور و باشووری کوردستان هێرش و داگیرکاری ئەنجام دەدات، دوێنێش گوندەکانی بناری چیای برادۆستی بۆردوومان کرد و بە هۆیەوە ئاگر کەوتەوە.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/07/20240716-810184image1-jpg70431a-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا هێرش و لەشکرکێشییەکانی بە درێژایی سنوورەکانی باکوور و باشووری کوردستان ئەنجام دەدات، ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، تا دەگاتەوە بە ئامێدی و لە لای ڕۆژهەڵاتیشەوە بە برادۆستدا تا دەگاتەوە قەندیل بۆردوومان دەکات.
بەپێی زانیارییە هەرێمییەکان ئێوارەى دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی سنین، پانەکەشک، تارستا و گەلی ڕەش لە سنووری برادۆست کردووە و زیانە گیانی و مادییەکانى سنوورەکە نەزاندراوە، بەهۆی بەردەوامی بۆردوومان و سوڕانەوەى فڕۆکە بەسەر ئاسمانى ناوچەکەدا، مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە دروستبووە.
هەر بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگرێکی گەورە لە پووش و پاوان و دارستانى ناوچەکە کەوتووەتەوە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت لەو ناوچانە نزیک ببێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی، بەهۆی ئەوەى دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەیانکاتە ئامانج.