٨٥٠ دۆنم پوش و پاوان لە سیتەک و ناڵپارێز سووتان

ئاگرێكى فراوان لە سنوورى سیتەک و ناڵپارێز کەوتەوە و لە ئەنجامیشدا ٨٥٠ دۆنم لە پوش و پاوان سووتان، تا ئێستا هۆکارەکەی نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و ڕەزی هاوڵاتیان ڕوودەدات، دووبارە ئەمڕۆ ئاگر لە چەندین دۆنم پوش و پاوانی هاوڵاتیان لە ناوچە جیاجیاکاندا کەوتەوە و بەشێک لەو ئاگرانە بە دەستی مرۆڤ دەکرێتەوە و هەندێک جاریش هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نادیارە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، ئاگرێكى فراوان لە گوندى کانى دڕکە و عازەبانى سەر بە شارەدێى سیتەک کەوتەوە و بەهۆیەوە ٥٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و دارى سروشتى سووتان.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەیان بەوەکرد، ئاگرەکە لە گوندى سەرکان لە سنوورى شارەدێى ناڵپارێزى سەر بە پێنجوێن بە هۆکارێکی نادیار کەوتەوە و بە هۆیەوە ٣٥٠ دۆنم لە پوش و پاوان و دارى سروشتى سووتان.