تاژێ هێرشەکانی سەر کەناڵی چرا تیڤی و چرا FM شەرمەزار دەکات

لە بەرامبەر هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە شاری شەنگال، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە گوندی دوگور ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە.

شەنگال

 

دوێنێ ٨ی تەمووز، کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی بەیانی، کاتێک ئۆتۆمبێلی پەیامنێرانی چرا تیڤی و چرا FM لە تل قەسەبی سەر بە شەنگال دەگەڕانەوە، لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکەدا حەسەن کەمال، پەیامنێری چرا تیڤی و میراد میرزا، ئەندامی چرا FM لەگەڵ خەڵەف خدر عوسمان، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون، لە کاتی هێرشەکەدا ئۆتۆمبێلی خێزانێکی خەڵکی شەنگالیش بەر هێرشەکە کەوتووە و لە ئەنجامدا زیاد قاسم و مەجید جەمال و منداڵێک بەناوی زیلان زیاد ئەلیاس کە تەمەنی ٧ ساڵە، برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە.

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد و ڕاگەیەندراوێکیان لەلایەن کنێ خدر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی شەنگالەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان خاوەن ئیرادەن و کەس ناتوانێت ئیرادەیان بشکێنێت.

 

"چرامان هەمیشە گەشاوە و ڕووناک دەبێت"

کنێ خدر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال ڕایگەیاند، لەگەڵ نزیک بوونەوەی ساڵیادی فەرمانەکە، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک زیاتر دەبن، پەیامنێرانی تەلەفزیۆنی چرا لە شنگال کرانە ئامانج، ئەوانەن کە ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن، ئازارەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بە هەمووان دەگەیەنن و بۆ ئەوە دەکرێنە ئامانج، بەڵام کەس ناتوانێت ڕووناکیمان بکوژێنێتەوە، چرامان هەمیشە ڕووناک و گەشاوە دەبێت، گەل بۆ خاکی شەنگال دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن تا ڕێگری لە گەڕانەوەیان بکەن، ئەگەر مینیش لە بەردەم گەلی شەنگال دابندرێت، گەل هەمیشە دەگەڕێنەوە و چیاکەیان لە باوەش دەگرن.

 

"سەرکەوتن هی ئێمە دەبێت"

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کنێ خدر ڕایگەیاند، ئەوان لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن، "سەرکەوتن هی ئێمەیە، هیوای چاکبوونەوە بۆ نەخۆشەکان دەخوازین، خاوەن ئیرادەین، ئیرادەمان یەژەشە، یەبەشە و ئاسایشی ئێمەیە و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدییە، هەر بۆیە دەڵێین هەرگیز ناکەوین، لە ساڵیادی فەرمان نزیک دەبینەوە، دوژمن ڕێگە نادات برینەکەمان ساڕێژ بێت، بەڵام ئێمە بەرخۆدان دەکەین، بەڵێن بە شەهیدان و زیندانیان دەدەین کە ڕێگای ئەم خەباتە بەرنادەین و تاوانباران دادگایی دەکەین، هیوای سەرکەوتن و چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".

 

ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شەنگال"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن" کۆتایی هات.