ڕێکخراوی سارا هەڵمەتێکی هۆشیاری لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی کوشتنی ژنان دەستپێدەکات

ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵمەتێکی هۆشیاریی لە سەرانسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان دەستپێکرد.

شەهبا

 

ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵمەتێکی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی بڵاوبوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و زیادبوونی خۆکوشتن و کوشتن دژی ژنان دەستپێکرد.

 

ئەمڕۆ بە دروشمی "ئێمە هیواین، ئێمە ئاشتیین" ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕەگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو:

 

توندوتیژی دژ بە ژنان یەکێکە لە بەربڵاوترین، بەردەوامترین و وێرانکەرترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، توندوتیژی دیاردەیەکی مەترسیدارە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژنان و کۆمەڵگە هەیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرد، ئەم دیاردەیە لە ژێر ناو و بە بیانووی شەرەف و داب و نەریت ئەنجام دەدرێت، چونکە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەردەوام هێز و دەسەڵات دەدرێت بە پیاوان، هەر بۆیە توندوتیژی بەرجەستە دەکەن، لە ئەنجامیشدا کاریگەری دەروونی و جەستەیی لەسەر ژنان بەجێدەهێڵن.

 

لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوەکەوە ڕێکخراوی سارا هەڵمەتێکی هۆشیاریی لە سەرانسەری ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی پەروەردەکردنی خەڵکی گوند و شارۆچکەکانە، ماوەی دوو مانگ لە کاتی دەستپێکردنیەوە بەردەوام دەبێت.

 

هەروەها جەخت لەسەر ئامانجی هەڵمەتەکە کراوەتەوە و ڕوونیکردەوە ئامانجیان لە دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە، کەمکردنەوەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارانەیە کە مەترسی لەسەر ژیانی ژنان دروست دەکەن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆن ژیانیان سەختتر دەکەن، بە پێویستی دەزانێت یاساگەلێک جێبەجێ بکەن کە مافەکانی ژنان بپارێزن بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی دوور لە توندوتیژی بنیاد بنێن.