لە سودان زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس ئاوارە بوون
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاندووە،شەڕی ناوخۆ لە سودان بەردەوامە، ژمارەی ئاوارەکان ١٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
ناوەندی هەواڵ
زیاتر لە ساڵێکە ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی فریاگوزاری کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە، بەردەوامە، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ١٦هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، بەهۆی ململانێکانەوە بە گەورەترین قەیرانی کۆچ و برسێتی لە جیهاندا ئەزموون دەکرێت.
محەممەدالی ئەبو نەجلا، وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان "IOM" سەبارەت بە قەیرانی کۆچ لە سودان لێدوانی داو ئاماژەی بەوەدا، ململانێکان لە سودان ڕوودەدەن، ژمارەی ئاوارەکانیش ١٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، زیاتر لە ٢ ملیۆن سودانی چووەتە دەرەوەی وڵات، زۆربەیان چوونەتە وڵاتانی دراوسێی چاد و باشووری سودان و میسر .