قەیومێک بۆ شارەوانی جولەمێرگ دەستنیشانکرا

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ شارەوانی جولەمێرگ کە سەر بە دەم پارتتەوە قەیوم دیاری کرا و هاوسەرۆکانی دەمپارتی دەڵێن: ئێمە هەرگیز ملکەچی ڕێبازی قەیومەکان نابین، دەڵێین ئیدی بەسە.

ناوەندی هەواڵ

 

محەمەد سدیق ئاکیش، کە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ی ئاداردا لەسەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم پارتی بە هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ هەڵبژێردرا، ئەمڕۆ لە شاری وان دەستبەسەر کرا و لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە شارەوانییەکە گەمارۆدرا.

 

قەیومێک بۆ شارەوانی دانرا

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، محەمەد سدیق ئاکیش لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەیومێک لە شوێنی دانرا، لە بەیاننامەکەدا کە لە هەژماری دیجیتاڵی میدیای وەزارەتدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دۆسیەیەک لە دژی محەمەد سدیق ئاکیش هەیە بە تۆمەتەکانی "بەڕێوەبردنی ڕێکخراو" و "ئەندامێتی ڕێکخراو" و "پڕوپاگەندەی ڕێکخراو" بە ژمارە ٢٠١٤/١٧٣ لە ١ دادگای تاوانە قورسەکانی جولەمێرگ، ڕاپۆرت کرا کە ئەو دادگاییکردنەی کە باسی لێوە دەکرێت بەردەوامە، هەروەها لە بری محەمەد سدیق ئاکیش، قەیوم عەلی چەلیک وەک قەیوم دەستنیشانکرا.

 

تونجەر باکرهان: ئێمە ئیرادەمان ڕادەستی کەس ناکەین

تولای هاتیمۆگولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە هەژماری دیجیتاڵی میدیایی خۆیان لێدوانێکیان دا و تونجەر باکرهان ئاشکرای کرد، ئاکەپە-مەهەپە کە ئیرادەی گەل لەبەرچاو ناگرێت، پەنا بۆ دەستبەسەرکردنی نایاسایی دەبات بەرامبەر بە نوێنەرانی شەرعی دەم پارتی، وتیشی: لێپێچینەوە لە هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ نادادپەروەرییەکی تاریک و پیسەم ئێمە ئەم عەقڵیەتەی کودەتا و قەیوم و سوێندخواردنی دوژمنایەتی بۆ کورد ڕەتدەکەینەوە، ئێمە هەرگیز ئیرادەی خۆمان ڕادەستی کەس ناکەین، ئێمە دەڵێین بەسە بەسە و پێویستە دەستبەجێ ئەو چالاکییە نایاساییانەی کە زیان بە داهاتووی دیموکراسی تورکیا دەگەیەنن ڕابگیرێت.

هەروەها داوا لە هەموو بازنەکانی دیموکراسی و شۆڕشگێڕ و ئاشتیخواز و بەتایبەت گەلی خۆمان دەکەن کە لەگەڵ خەڵکی جولەمێرگ بن و لە دژی ئەم دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە بوەستنەوە و کاردانەوەی دیموکراسی خۆیان نیشان بدەن.

 

تولای هاتیمۆگولاری: هەرگیز ملکەچ نابین

تولەی هاتیمۆگولاری باسی لەوەکرد، ئەو حکومەتەی کە بە ئیرادەی خەڵک لە سندوقەکانی دەنگدان شکستی هێنا، دیسانەوە کاری پێشێلکردنی ئیرادە بەڕێوە دەبات و وتی: هەرگیز ملکەچی ئەم عەقڵیەتەی قەیوم نابین کە هەوڵی دەستبەرداگرتنی شارەوانیەکەمانیان داوە بە زۆرەملێ، هاوسەرۆکی شارەوانیمان محەمەد سدیق ئاکیش دەستبەسەر کرا. ئەم هێرشە تەنها دژی ئیرادەی خەڵکی جولەمێرگ نییە، بەڵکو دژی ئیرادەی هەموو خەڵکی تورکیایە. داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەگەڵ دیموکراسیدان، هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە عەقڵیەتی دەسەڵاتداران.