ژنانی سوەیدا: یەکگرتوویی ژنان لە پرۆسەی ئێستادا گرنگە

ژنانی شاری سوەیدا کە بەشدارییان لە کۆنگرەی ئەنجومەنی ژنانی سووریا کرد، ڕایانگەیاند، یەکڕیزی و پشتیوانی ژنان لە پرۆسەی ئێستادا پێویست و گرنگە.

فیدان عەبدوڵا

 

حەلەب- کۆنگرەی دووەمی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە شاری حەلەب بە دروشمی "بە یەکگرتوویی ژنان کۆتایی بە ململانێکان دەهێنین و ئاشتی لە سووریایەکی یەکگرتووی خۆسەردا بەدەست دەهێنین" بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ نوێنەری ژن لە شارەکانی سووریاوە بەڕێوەچوو، ژنان لە کۆنگرەکەدا سەرنجیان بۆ گرنگی یەکڕیزی و خەبات بۆ ڕزگاری هەموو ژنان ڕاکێشا.

 

نەرمین سام، کە لە سوەیداوە بەشداری کۆنگرەی کردبوو، بۆ داننان بە دۆخی ژنان لە سوەیدا و بەردەوامی خەباتی ژنانی سوەیدا لە شەقامی کەرامەت، وتی: داواکارییەکانی خەڵکی سوەیدا کە لە ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکاندا ماوەی ٨ مانگ لەمەوبەر دەستی پێکرد و بەردەوامە، داواکاری ڕەوای گەلە، قەیرانی سووریا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی هەبووە، بۆیە ئەم داواکارییانە دەبێتە مافی ڕەوای گەل،

 

نەرمین سام سەرنجی بۆ دۆخی ژنان ڕاکێشا و وتی: ئێستا بوونی ژن تەنها بۆ کاری ماڵەوە و کاری کشتوکاڵییە، ژنان ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا نازانن، ئەو ژنانە بە بەشداریکردن لە سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا و پەیوەندیکردنیان لەگەڵ ژنانی شارەکانی دیکە خۆیان ناسی، دۆخی ئێستای سووریا بۆ قەیران و دەستێوەردانەکانی دەرەکی دەگەڕێتەوە، ئەوەی لە ژنان دەخوازرێت، سەلماندنی بوون و ڕۆڵی خۆیان و کارکردنە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سووریا.

 

"ژنان دەتوانن بەرامبەر هەموو پێشێلکارییەک بوەستنەوە"

ئەناغیم تەویل باسی لەوەکرد ژنانی سووریا ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە و وتی: بزووتنەوەی ژنان تا ئەم ئاستە تەشەنەی کردووە، قەیرانی سووریاش زاڵ بووە و پێشێلکاری بەرامبەر ژنانی لێکەوتووەتەوە، ژنان یەکەم کەس بوون کە ڕووبەڕووی ئەم ئازار و ناخۆشیانە بوونەتەوە، بۆیە دەتوانن دژی هەموو ئەمانە بوەستن و ژیانێکی نوێ بۆ ژنان بنیاد بنێن، ئێستا ژنان بوونەتە بەڕێوەبەر و هۆکارێکی سەرەکین لە ژیان و کۆمەڵگەدا و لە هەموو ڕوویەکەوە کاردەکەن، داوا لە ژنان دەکەم پشتیوانی یەکتر بکەن و پاڵپشتی ژنانی ناوچەکانی تر بکەن و پاڵپشتی یەکتر بکەن لە شۆڕشی ئازاد و دیموکراتیکدا، ئێمە وەک ژنانی سوەیدا پشتیوانی ژنانین لە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا.