ژنانی سوەیدا: سەرەڕای هەڕەشەکان بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان

 ژنانی سوەیدا لە ناوچەی کەرەمە لە ناوەندی شاری سوەیدا کۆبوونەوە و داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد و ڕایانگەیاند کە سەرەڕای هەڕەشەکانی حکومەت بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا-لە سووریا بەهۆی خراپی ئابوری خەڵک ناتوانن ڕۆژانە هیچ شتێک بکڕن، تەڤگەری گەل کە بۆ شەرمەزارکردنی حکومەتی شام دەستیپێکرد بەردەوامە، دوێنێ ٢٤ی ئایار بە سەدان کەس لە ناوچەی کەرەمە لە ناوەندی شاری سوەیدا گردبوونەوە و داوای ئازادی و کەرامەت و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد، خۆپیشاندەران گوڵ و پانکارتیان هەڵگرتبو.

 

ژنانی سوەیدا کە ماوەی چەند مانگێکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەکەن و داوای بڕیاردان لە دژی نادادپەروەری و داوای مافەکانیان و بەتایبەتی مافی زیندانییەکان و ئاوارە و منداڵەکانیان دەکەن، وەک پێشەنگی ئەم تەڤگەری ئاشتیخوازانە سەیر دەکرێن.

 

ساڵیحە تەویل ئاماژەی بەوەکرد، ناتوانێت کوڕەکەی ببینێت کە لەلایەن حکومەتی شامەوە دەستگیرکراوە و داوای لە ژنان کرد بێنە دەرەوە و داوای مافەکانیان بکەن.

 

"ئێمەی ژنان ناترسین"

ڕەحاب کەمالەدین وتی: دەمانەوێت بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش جێبەجێ بکرێت، ئێمەی ژنان ناترسین. تا ئەو ڕژێمە لەناو دەبەین، بەردەوام دەبین لە چالاکییەکەمان”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەڕەشەکان لە دژی چالاکیەکان، ناترسن و بەتایبەتی دوای ئەوەی تامی ئازادی و کەرامەتیان کرد، جارێکی دیکە ملکەچی فشارەکانی حکومەتی شام نابن، وتی: داوا لە ژنان دەکەم بەشداری چالاکییەکە بکەن.

 

"داهاتوویەکی پارێزراومان دەوێت بۆ منداڵەکانمان"

مەلەک ئەلحەکیم، دایکی دوو منداڵە، داوای ئایندەیەکی پاریزراو بۆ منداڵەکانی دەکات و وتی: نامەوێت منداڵەکانم کۆچ بکەن یان بچنە سەربازگە بەبێ ئەوەی چارەنووسی خۆیان بزانن کاتێک گەورە دەبن، ئەو گەنجانەی کۆچ دەکەن، هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن، بەڵام بەهۆی فشاری حکومەتەوە ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن، ئێمە داهاتوویەکی پارێزراومان دەوێت بۆ منداڵەکانمان.

 

"فشاری ڕژیم بووە هۆی کۆچی کوڕەکەم"

یەکێک لە بەشداربووان بە ناوی سەحەر حەمزە وتی: لە برسێتیدا دەمرین، ڕۆیشتنی تاکە منداڵەکەم بۆ دەرەوەی وڵات بووە هۆی ئەوەی من بەشداری چالاکییەکان بکەم، من منداڵەکەمم پەروەردە کرد بۆ ئەوەی سوودی بۆ وڵاتەکەم بێت، بەڵام بەهۆی فشارەکانی ڕژیمەوە، چووە ولاتانی بیانی.