عەفرین، لە ماوەی ٦ ساڵدا ١٠ هەزار کەس ڕفێندراون و ٤٦٣ کەسیش کوژراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین ئامادە کردووە و تیایدا هاتووە، لە ماوەی ٦ ساڵدا ١٠ هەزار کەس ڕفێنراون و ٤٦٣ کەس کوژراون و ١٤٢ ژن دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/05/20240518-4b28b42a-498b-4719-99eb-6be1ddf9c60a-jpg17dd8c-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا لە ماوەی ٦ ساڵدا لانیکەم ١٠ هەزار و ٣٣٢ کەس ڕفێندراون و ٤٦٣ کەس کوژراون و ١٤٢ ژنیش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر لە شاری عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی دایە.
ڕاپۆرتەکە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئامادە کراوە و ڕەوانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کراوە.
ڕۆشین حەدۆ، هاوسەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کانتۆنی عەفرین-شەهبا، سەبارەت بەو پرسە لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز داوە و باسی لەوەکردووە، هەموو جۆرە هێرشێک لە عەفرین ئەنجام دەدرێت، "بەتایبەت ژنانی گەنج لە ڕێگەی هەڕەشەوە هاوسەرگیریان پێدەکرێت و ڕادەستی چەتەکان دەکرێن، کچان دەڕفێنرێن و داوای فیدیەی گەورە لە خێزانەکانیان دەکەن بۆ ئازادکردنیان. دەوڵەتی تورکیا بەم کردەوانەی هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی شکستی داعش دەدات. ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دوای ساڵ ڕاپۆرتێکی لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ بڵاوکردوەتەوە و بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند کە هێرشی مرۆیی لە عەفرین ئەنجام دەدرێت".