"هۆکاری سەرەکی کۆچکردن شەڕ و ئابوورییە"

سەنا زەعیمی، پارێزەر و لێکۆڵەری مافی مرۆڤ باسی لە کێشەکانی ژنانی کۆچبەر کرد، کە ڕووبەڕووی بەکارهێنانیان لە شوێنی کار، ژیانی مەترسیدار، دەستدرێژی سێکسی، توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی دەبنەوە.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- بەهۆی سیاسەتی شەڕی دەوڵەتان، ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و دەستیان بە کۆچکردن کرد، زۆرینەیان یان لەو ڕێگایانەدا گیانیان لەدەستدا یان ناچار بوو بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان،  یەکێک لەو گەلانەی کە لە نێوان شەڕ و پەنابەردا ماونەتەوە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە. ڕێگای مەغریب کە پەنابەران وەک ڕێڕەوی ترانزێت بەکاری دەهێنن، خەریکە دەبێتە کێشە بۆ پەنابەران.

 

سەنا زەعیمی، داکۆکیکار و لێکۆڵەری مافی مرۆڤ، کە لە بواری دیمۆگرافیا و جوگرافیادا کاردەکات و بەشدارە لە پرۆژەکانی کۆچبەران، ڕایگەیاند کە بە پێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان، ئەو کۆچبەرانەی کە ناچارن لە مەغریب بژین، ئاسایشیان نییە و ئەوەشی ڕاگەیاندووە کێشەی ژنان ئاڵۆزترە.

 

ژنانی کۆچبەر لە بارودۆخێکی سەختدا خەبات دەکەن

سەنا زەعیمی باسی لەوە کردەوە، ئەو کۆچبەرانەی مەغریب وەک ڕێڕەوێکی ترانزێت بۆ وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنن، ناچارن بۆ ماوەیەکی زۆر لە مەغریب بژین، دۆخی ژنانیشی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند، "ڕەنجی ژنان دەخورێت، هەموو پەنابەران وەک کرێکاری هەرزان بەکاردەهێنرێن، بەڵام ژنان بە مووچەیەکی زۆر کەمتر کار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و سووکایەتی دەبنەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن بوونەتەوە، زیادی کردووە، ئەوان هیچ ئاسایشێکیان نییە، بەردەوام هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە و زۆربەیان لەژێر دەستبەسەری ماڵەوەدان، ئێستا مەغریب بووەتە شوێنی پەناگەی پەنابەران، پرسی نایاسایی بوونی پەنابەران بابەتێکی ئاڵۆزە، ئەمەش پەیوەندی بە پرسە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە، چونکە بەڵگەنامەی یاسایییان نییە و تەنانەت کارێکی پارێزراویشیان نییە، بۆیە کێشەی ئابوورییان زۆرە.

 

سەنا زەعیمی ڕایگەیاند کە فیدراسیۆنی یەکێتی مافی ژنان پڕۆژەیەکە بە هاوکاری لەگەڵ فەرەنسا، بەلجیکا و ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت، وتیشی: ژنان لە ڕێگەی هاوژینەکانیانەوە کۆچ دەکەن، پیاوان لەوێ ژنان بەجێدەهێڵن، چونکە هیچ بەڵگەنامەیەک یان نامەیەکیان پێنامێنێت، دەتوانم بڵێم ئەنجومەنی نیشتمانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵە فێمینیست و مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە ناوخۆییە زۆر هاوکارەکان لە هەوڵی باشترکردنی بارودۆخی ئەو ژنە کۆچبەرانە و ڕێکخستنی باری یاساییان دان و دەیانەوێت چارەسەرێکی هەمەلایەنەی کێشەی کۆچبەری نایاسایی بکەن.

 

هۆکاری کۆچکردن شەڕ و ئابوورییە

سەنا زەعیمی ئاماژەی بەوەشدا کە هۆکاری سەرەکی کۆچکردن شەڕ و هۆکاری ئابوورییە و لە کۆتاییدا دەڵێت: هەندێک لە ژنان کە توانیمان کێشە یاساییەکانیان چارەسەر بکەین، بە پشتیوانی ئێمە وەرشەی بچووکی چنینیان کردەوە، هەرچەندە لە کرداریشدا وەها نەبێت، بەڵام مەغریب وڵاتێکە کە بە پێی یاساکانی مافی ژنان دەپارێزێت و ئێمە هەوڵدەدەین کارەکانمان بە کردەوە دیار بێت.