بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە سەرانسەری جیهان بەردەوامە

مانگی ئاداری ئەمساڵ گەرمترین ئادار بووە لە مێژووی تۆمارکراوی جیهاندا، هەروەها دەیەم مانگ بووە لەسەر یەک کە پلەی گەرمای تێیدا بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بەدواوە، هەموو مانگێک ڕیکۆردی گەرمای مانگی پێشووتر شکێندراوە، مانگی ئاداری ئەمساڵیش بەو شێوەیە بووە.


سامانتا بورگس، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای کۆپەرنیکۆس ڕایگەیاندووە، پلەی گەرمای مانگی ئادار تەنیا 0.1 پلە لە ئاستی پێوانەیی پێشوو بەرزتربووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە، ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی گەرما لە سەرانسەری جیهان بەردەوامە.


دەزگایەکی کەشناسی ئەوروپیش لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پلەی گەرمای دەریاکان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی شۆکهێنەر.