ژنانی سوەیدا چالاکیی ڕێکخستنی بەڕێوە دەبەن

لە خۆپیشاندانی شاری سوەیدای سووریا دەیان کەس بەشدارن و داوای ئازادی و شکۆمەندی و گۆڕانکاری سیاسی دەکەن.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- ئەو خۆپیشاندەرانەی ڕۆژی دووشەممە ٨ی نیسان چوونە سەر شەقامەکانی سوەیدا ئاڵایەکیان بەرزکردەوە کە تیایدا دوای ٤٠ ڕۆژ لە گیان لەدەستدانی سڵاویان لە "ڕۆحی جەواد باروکی" کرد، کە یەکەم قوربانی تەڤگەری ئاشتیانەی شارەکەیە.

 

ئیلهام ئەلنەبوانی، وتی: هەموو وڵاتانی جیهان خۆپیشاندەران بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ڕژێمی سووریا بە گوڵـلەی ڕاستەوخۆ بڵاومان دەکاتەوە، خۆپیشاندانەکانمان ئاشتیانەیە و لقی زەیتوونمان هەڵگرتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ماوەی ٨ مانگە داوای مافە دزراوەکانیان دەکەن، بەڵام لەلایەن حکومەتی شامەوە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و تەقەلێکردن بوونەتەوە، پرسی مافی مرۆڤ لەکوێیە؟.

 

خۆپیشاندەر هند سەڵاح وتی: ئەم بۆنەیەمان ڕێکخست بەبۆنەی چلەی کوشتنی جەواد باروکی، یەکەم قوربانی گۆڕەپانی شکۆمەندی و ئازادی، بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێین کە خوێنی شەهیدەکانمان هەرزان نییە، چونکە ئەوانن کە خۆیان لە پێناوی ئازادی ئێمە و مافەکانمان کردووەتە قوربانی، ژنانی تەڤگەرەکە گەورەترین ڕۆڵیان هەیە و کوشتنی ئەوانەی داوای ئازادی دەکەن شەرمەزار دەکەن.

 

بەرائەت نەعیم وتی: بە دەنگی خەڵکی ئازاد لە هەموو شوێنێک ئەم ڕۆژە جوان بووە، کاتێک بە شەقامەکانی شارەکەدا دەگەڕێین، لە گۆڕەپانی لیلییەوە دەست پێدەکەین بەناو شەقامەکانی شاری سوەیدا بۆ گۆڕەپانی کەرەمە.

 

وتیشی: ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ڕێکخستنی چالاکییەکانی گۆڕەپانەکە و نووسینی ئاڵا و دابەشکردنیان بەسەر خۆپیشاندەراندا، کە هەموویان لە واقیعەوە سەرچاوەیان گرتووە لە داواکاری و ئامانجەکانیانەوە.