لەبەردەم ئەنجومەنی ئیسرائیل چالاکی ڕێکخرا

لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیسرائیلدا چالاکی ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران بە پانکارتی نووسراوی "بیانگەڕێنەوە" داواکارییان ئاڕاستەی ناتانیاهۆ کرد و حکومەتیان تۆمەتبار کرد بەوەی، بارمتەکان بەجێدەهێڵن بۆ چارەنووس.

ناوەندی هەواڵ

 

هەموو هەفتەیەک له ئیسرائیل له دژی حکومەتی سەرۆک وەزیر بنیامین ناتانیاهۆ خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لەبەردەم ئەنجومەنی ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای ئۆرشەلیم کۆبوونەوە بۆ داواکردنی گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە بۆ ماڵەکانیان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

 

ئەو خۆپیشاندەرانەی کە دروشمی دژ بە حکومەتەکەی ناتانیاهۆیان دەوتەوە و وێنەی بارمتە ئیسرائیلییەکانیان بەرز کردەوە و وتیان حکومەت بارمتەکان بۆ چارەنووس جێدەهێڵێت.

 

لەبەردەم ئەنجومەن چادریان هەڵدا

لە شەوی ٣١ی ئادار، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژئاوای قودس کرد، خۆپیشاندەران ڕێگای خێرای هاتوچۆیان ڕاگرت و ئاگریان کردەوەو ڕووبەڕووی پۆلیس بوونەوە.

 

دوای خۆپیشاندانەکان، سەدان کەس لەبەردەم ئەنجومەنی ئیسرائیل چادریان دان، داوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ و هەڵبژاردنی پێشوەختە و گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە دەکەن.