"ئەوانەی بە ئیرادەی گەل شکستیان هێنا جارێکی تر ڕوو لە قەیوم دەکەن"

فاتمە گوڵان ئۆنکۆل، هاوسەرۆکی شارەوانی سوری ئامەد و ژیان ئەسلان، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ڕێزان ڕایانگەیاند، ئەوانەی بە ئیرادەی گەل شکستیان پێهات، پەنا بۆ قەیوم دەبەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە لە ٣١ی ئاداری ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، ئاکەپە شکستی هێنا. هەرچەندە هەزاران خەڵکیان بە نایاسایی بردە باکووری کوردستان تا دەنگیان پێبدەن، بەڵام دەم پارتی سەرکەوتنی گەورەی لە باکووری کوردستان بەدەستهێنا و ئاکەپە کە لە هەڵبژاردندا دۆڕا، تەنانەت دوای هەڵبژاردنیش بەردەوامە لە فێڵەکانی.

 

دوای ئەوەی مافی هەڵبژاردنی عەبدوڵا زێدان، هاوسەرۆکی سەرکەوتووی شارەوانی وان سەندرایەوە؛ دەستەی هەڵبژاردنی شارەکە دەنگەکانی بەخشییە عەبدولحەت ئەرڤاس، کاندیدی شارەکەی ئاکەپە، خەڵکی شاری وان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئیرادەی خۆیان بەڕێوە برد و تا شەو چالاکییان ئەنجامدا، ئەو چالاکییە ناڕەزایەتیانەی لە وان دەستیان پێکرد تا ئێستاش لە زۆرێک لە شارەکان بەردەوامن، هەر لە شاری وان بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ڕێگریکردن لە چالاکییەکان ڕاگەیەندرا.

 

سیاسەتی ستەمکارانە قبوڵ ناکرێت

فاتمە گوڵان ئۆنکۆڵ، سەرۆکی شارەوانی سوری ئامەد، باسی لە سەرکەوتی دەم پارتی لە هەڵبژاردنەکان کرد و تیشکی خستەسەر هەڵوێست و ئیرادەی گەل و وتی: پێش هەموو شتێک پێویستە لە دژی سیاسەتی دانانی قەیوم، کە چەندین ساڵە لەسەر گەل بەڕێوەدەچێت، بوەستینەوە و یەکبگرین، لەم هەڵبژاردنەدا گەل بە بڕیارانە هەموو شارەوانییەکانی خۆی وەرگرتەوە جگە لە چەند شوێنێک، بەڵام بە سیاسەتی دانانەوەی قەیوم جارێکی دیکە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی ئێمە دەدەن، دەبێت ئەم سیاسەتە چەوتانە تێکبشکێنین، داوا لە هەموو خەڵک دەکەم ئیرادەی خۆیان بەکاربهێنن و ئیتر لێبوردەییمان بۆ ئەم کردەوانە نەبێت، پێویستە هەمووان بزانن کە ئێمە هەرگیز ئەم سیاسەتە ستەمکارانە قبوڵ ناکەین.

 

"بەم سیاسەتانە بە ئامانجەکانیان ناگەن"

ژیان ئەسلان، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ڕێزان وتی: دوو جارە قەیوم لە شارەوانییەکانمان دادەنێن، لەگەڵ هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداردا جارێکی تر ئیرادەی خۆمان لە دەنگدانەکاندا نیشان دا و شارەوانییەکانمان بردەوە، بە دانانی قەیوم سیستمی هاوسەرۆکایەتی و ژنان دەکرێنە ئامانج، ئەوانەی سەرکەوتنی بەدەستهێنانی هەموو ناوچەکانی شاری وانیان پێ هەزم نەکرا، دەیانەوێت بە گرتنەوەی شارەوانی گەورەی وان ڕێگری لە خەباتی گەل بگرن، ئێمە تا کۆتایی شەڕ دەکەین و هەرگیز بەو سیاسەتە دووبارە بووانە بە ئامانجەکانیان ناگەن، گەل لە ٣١ی ئاداردا وەڵامی خۆیان دایەوە، پێویستە ڕێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت و گەل جارێکی تر ڕێگە بە دەسەڵاتداران ناداتەوە قەیوم لە شارەوانییەکان دابنێن و سیاسەتە چەوتەکانیان بەڕێوەببەن.