١٨ کەس بەهۆی لافاوەکەی ماداگاسکارەوە گیانیان لەدەستدا

ژمارەی قوربانیانی زریانی دوورگەی ماداگاسکار بۆ ١٨ کەس بەرزبووەوە و زیاتر لە پێنج هەزار خێزانیش زیانیان بەرکەوت.

ناوەندی هەواڵ

 

وەرزی زریانەکان بە زۆری لە باشووری ڕۆژئاوای زەریای هێمن لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەست پێدەکات و تا مانگی نیسان درێژدەبێتەوە و نزیکەی ١٠ زریان بە درێژایی ساڵ ڕوودەدەن و زیانێکی بەرچاوی مرۆڤ و ماددی لێدەکەوێتەوە.

 

کاربەدەستانی دورگەی ماداگاسکار دوێنێ، ٢٩ی ئادار ڕایانگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستداوانی زریانی “گامانی” کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دوورگەکەی گرتەوە، بۆ ١٨ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٧١ خێزان زیانیان پێگەیشتووە و ٢٠ هەزار و ٧٣٧ کەسیش لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون .

 

دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەهۆی بای بەهێزەوە دارەکان کەوتوونەتە خوارەوە و زۆرێک لە گوند و شارۆچکەکان ژێر ئاو کەوتووە، ئەو لافاوەی بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە دروستبووە، بووە هۆی داخستنی زۆرێک لە ڕێگاوبان و پردەکان و خەڵکێکی زۆریش بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، هەندێکی دیکەش لە ئەنجامی داڕمانی ماڵەکانیان یان کەوتنە خوارەوەی دار بەسەریاندا گیانیان لەدەستداوە.

 

لەئەنجامی جووڵەی خاوی زریانەکە و ئەو بارانە بەخوڕانەی پێش خۆی، کاریگەرییەکانی کارەساتەکە توندتر بوون و توندییەکەی زیاتر بوو، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسی و کارەساتەکان ڕوونیکردەوە کە ڕاگرتنی زریانەکە تەنها لە یەک شوێن دەبێتە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی ژێرخانی زەوی، کە دەبێتە هۆی لێکەوتەی جددی بۆ دانیشتووان و لافاوێکی گەورە.