ڕووسیا، لە هێرشێکی چەکداری داعشدا دەیان کەس کوژران

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، ٦٢ کەس کوژران و نزیکەی ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا، دوێنێ  لە ئەنجامی هێرشی چەکداری بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە نزیک مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، ٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێرشبەرەکان ژمارەیان دوو بۆ پێنج کەس بووە و جلوبەرگی گولـلە نەبڕیان لەبەردا بووە، بە چەکی ئۆتۆماتیکی تەقەیان بەرامبەر خەڵکەکە کردووە و ئاگریان بەرداوەتە هۆڵەکە، زیاتر لە ٥٠ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و کارمەندانی فریاکەوتن ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون، هەروەها ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکاندا توندتر کراون.

 

جێی ئاماژەیە، داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێلێگرام پۆستێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی مۆسکۆ ڕاگەیاند و دەڵێت چەکدارەکانی ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە.