لە گوندی گاوەرە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئاگری نەورۆز کرایەوە

مەراسیمی نەورۆز لە گوندی گاوەرەی سەر بە شاری سنە بە ئامادەبوونی مامۆستایان و چالاکوانانی زمانی کوردی، چالاکوانانی ژینگەپارێز و ژنان و بە بڵاوکردنەوەی پەرتوکی کوردی و داگیرساندنی ئاگری نەورۆز بەڕێوەچوو.

نیان خوسرەوی

 

سنە - مەراسیمی نەورۆز لە گوندی گاوەرە سەر بە کڵاتەرزانی شاری سنە بە بەشداری کۆمەڵە و چالاکوانانی مەدەنی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان بەڕێوەچوو، ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو مەراسیمی نەورۆز بە هێزی بەرخۆدانی و شارستانیەت و کولتووری نەتەوەیەک و سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکی و داگیرساندنی ئاگر واتایەکی تری بەخشی، لە مەراسیمەکەدا یادی شەهیدان کرایەوە و جەخت لەسەر پاراستنی ژینگە و زمانی دایکی کرایەوە.

 

نەورۆز لە گاوەرە ڕەنگێکی دیکەی بە جەژنەکە بەخشی، ئامادەبوونی زانایان و چالاکوانانی زمانی کوردی، چالاکوانانی ژینگەپارێز و ژنان گرنگییەکەی دوو هێندە کرد، هەرچەندە هێزێکی زۆری ئەمنیی بڵاوەی پێکرابوو تا مەراسیمەکە لە هاوڵاتیان تێک بدەن، بەڵام خەڵک بە سووڕانەوە بە دەوری ئاگرەکەدا و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.

 

لەم مەراسیمەدا بە دابەشکردنی پەرتوکی کوردی بەسەر منداڵان و قسەی مامۆستایانی زمانی کوردی ئاماژە بە گرنگی زمانی دایکی کرا و داگیرساندنی ئاگرەکە لەلایەن ژنانەوە جەختکردنەوە بوو لەسەر شۆڕشی ژنان.