لەمڕۆوە هاوڵاتیان ڕوو لە قەندیل دەکەن و سبەینێ ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە

ساڵانە لە ٢٠ی ئاداردا کوردانی چوار پارچەی کوردستان ڕوو لە قەندیل لە باشووری کوردستان دەکەن و لە ٢١ی ئاداردا ئاگری نەورۆز، بە پەیامی ئازادی و تێکۆشان لەلایەن کەسوکاری شەهیدانەوە دەکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

قەندیل لانکەی بەرخۆدانە و بۆ کوردان واتای بەرەنگاری و تێکۆشان دەدات، ساڵانە هاوڵاتیان لە چوار پارچەی کوردستانەوە ڕوو لە قەندیل لە باشووری کوردستان دەکەن و ئاگری نەورۆز بە ڕۆحیەتی چیا سەرکەشەکان و ئازادیخوازان وبەرخۆدان و تێکۆشان پیرۆز دەکەن.

 

بۆ ئەمساڵیش ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆزی قەندیل کراوە و لە ئەمڕۆوە کوردان و ئازادیخوازان ڕوو لە قەندیل دەکەن، شەو بە ئاهەنگ و گۆرانی شەوەکەیان تێدەپەڕێنن و لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا لە ٢١ی ئادار خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گێڕانی ئاهەنگی گەورەی نەورۆز.

 

بەپێی ئامادەکارییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەربانگدا نان بۆ ڕۆژووەوانان و ئامادەبووان پێشکەش دەکرێت، دوا بەدوای ئەوە شەو ئاهەنگ دەگێڕدرێت و مەشخەڵ لەلایەن گەنجان و ژنانی گەنج بە بەشداری هاوڵاتیان هەڵدەکرێت.

 

سبەینێش، ٢١ی ئادار بە پێی بەرنامەڕێژی نەورۆزی ٢٧٢٤ی کوردی لە قەندیل پیرۆز دەکرێت، کە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ دەستپێدەکات، لە ئاهەنگە جەماوەرییەکەدا، کە چاوەڕێ دەکرێت هەزاران کەس بەشداری بکەن، هەر یەک لە هونەرمەندان، فرمێسک حافز، مستەفا دادار، میدیا حسێن و جاسمی ساز، گروپی موزیکی شنگال، گروپی موزیکی مەخموور، گروپی موزیکی نسیار بەشدار دەبن و چەندین سوپرایزی تر ئامادەیە و چەند پەیامێکی لایەنە سیاسیەکان پێشکەش دەکرێت.