"هیوادارم ڕۆژێک بێت هیچ ژنێک ڕووبەڕووی فشار نەبێتەوە"

ئەو ژنانەی کە لە میترۆی تاران-قەرەج وەک فرۆشیاری سەر شەقام کار دەکەن، ڕووبەڕووی هەراسانکردن، شەڕ، دزی، بەرتیل و چەندین کێشەی دیکە دەبنەوە و دەڵێن: هیوادارم ڕۆژێک بێت کە هیچ ژنێک ڕووبەڕووی فشار نەبێتەوە، چونکە ژنە.

سارا زارع

 

کەرەج- کاتێک میترۆی کەرەج دروستکرا کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە ئەم هێڵی گواستنەوەیە ببێتە بازاڕێکی گەڕۆک. ژمارەی ئەو فرۆشیارانەی کە لەم شوێنانەدا کار دەکەن یەکسانە بە ژمارەی سەرنشینەکان، پیاو و ژنانی بە تەمەن دەستگێڕی دەکەن و لە شەمەندەفەرێکەوە بۆ شەمەندەفەرێکی تر، هەرچییەکیان بەدەستەوەیە دەیفرۆشن.

 

ماوەی ٥ ساڵە لە میترۆدا فرۆشیارە

یەکێک لەو ژنە فرۆشیارانە ناوی فەریدە ل.یە و تەمەنی ٤٩ ساڵە و دایکی ٣ منداڵە، باسی لە سەختی و ئاڵۆزییەکانی کارکردن کرد و وتی: زیاتر لە پێنج ساڵە ئەم کارە دەکەم، لە ڕاستیدا دوای مردنی هاوژینەکەم کە کارمەندی خزمەتگوزاری بوو لە کۆمپانیایەکدا، دوای ماوەیەک مووچەی ئەومان پێ نەدرا، بۆیە ناچار بووم وەک فرۆشیاری گەڕۆک لە شەقامەکاندا کار بکەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم پەیدا بکەم و بەردەوام بم، هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٧:٠٠ دەچمە میترۆ و تا شەو لە میترۆ دەمێنمەوە بەپێی ئەو کاڵایانەی دەیفرۆشن، هەندێک جار بەهۆی ماندوێتی زۆر و ئازاری پشت و قاچەوە زوو کارەکەم بەجێدەهێڵم، لەبەر ئەوەی زۆر لەسەر پێیەکانم دەمێنمەوە، بەدەست ئازاری درێژخایەنی پشتەوە دەناڵێنم.

 

"لەبری ئەوەی هاوکاری بکەن، ڕێگری دەکەن"

فەریدە ل. ڕایگەیاند کە لە کاتی کاردا ئاستەنگی و کێشەی زۆر دێتە ڕێگەیان و وتی: پێش هەموو شتێک پاراستن لە کار نییە، لەوانەیە پاسەوانانی میترۆ لە هەر خولەکێکدا بێنە بۆ ئەوەی جانتاکانت ببەن، ساڵی ڕابردووش هەمان شت بەسەرمدا هات، دەستگیریان کردم، ئەگەر ڕۆژێک نەچیتە سەر کارەکەت، بژێوی نییە و بیمە و خانەنشینی نییە، زۆربەمان فرۆشیارانی سەر شەقامەکان لە میترۆدا نانی نیوەڕۆ دەخۆین، هەروەها نرخی کڕینی خۆراک زۆرە و توانای ئەوەمان نییە، بۆیە لە ماڵەوە نانی نیوەڕۆ لەگەڵ خۆمان دەهێنین، ئەم کێشەیە بە تایبەتی لە مانگەکانی زستاندا ڕوودەدات و هیچ ئاسوودەیییەکی تێدا نییە. چونکە ئێمە هیچ شوێنێکمان نییە بۆی بچێن، جگە لەمانە کێشەی گەورە و بچووکی تریش هەن، هەندێک جار ڕووبەڕووی شەڕ دەبینەوە.

 

"دەسەڵاتداران ژنان هەراسان دەکەن"

فەریدە ل. سەرنج بۆ کێشەکانی ژنان ڕادەکێشێت و دەڵێت: ئەم کێشانە کێشەی هەموو کەسێکە، بەڵام کێشەکانی تر تەنها کێشەی ژنانە، ئێمەی ژنانی فرۆشیاری گەڕۆک هەم لەلایەن کڕیارەکانەوە و هەم لەلایەن دەسەڵاتدارانی میترۆوە هەراسان دەکرێین، لە ڕاستیدا زۆر جار دەسەڵاتدارانی میترۆ تەنها بە مەبەستی هەراسانکردن ژن و کچەکانی فرۆشیارەکان دەستگیر دەکەن، بەتایبەت ژنانی گەنج. ئەم ڕووداوانە دەبنە هۆی ئەوەی ئێمەی ژنان هەست بە نائەمنی زیاتر بکەین و ساڵی ڕابردوو من و ژنێکی تر لەگەڵ یەکێک لەم ئەفسەرانەی میترۆ شەڕمان کرد بەهۆی ڕەفتارە بێئەدەبیەکانی بەرامبەر بە کچێکی گەنج کردیان، دوای ماوەیەک هەمان ئەفسەرەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانمدا گرت، بۆیە دەبێت فێربین بەرامبەر ستەم بوەستینەوە و ناتوانم لەم بارودۆخانەدا بێدەنگ بم.

 

"دەبێت یەکگرتوو بین"

فەریدە ل. لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بەرپرسیار نین بەرامبەر یەکتر، هۆشداری نادەن و ناتوانن یەکگرتوو بن و وتی: بەداخەوە بەهۆی کێبڕکێی نێوان فرۆشیارەکانەوە یەکڕیزییەکی ئەوتۆیان نییە، پێویستە لە دژی ئەم جۆرە کێشانە یەکبگرین، بێگومان ئێستا زۆرێک لە فرۆشیارە دەستگێڕەکان زیاتر یەکگرتوون بە تایبەت دوای ئەو ڕووداوانەی لە ساڵی ڕابردووەوە لە کۆمەڵگە و سەبارەت بە ژنان سەریان هەڵدا، هاوسۆزی نێوان ژنان زیادی کردووە، بەڕای من لەم ساڵ و نیوەی دواییدا زۆر شت گۆڕاوە. پێشتر بەم شێوەیە نەبووە، بەڵام ئێستا ژنان لە جاران یەکگرتووتر و ئازاترن.