"له ناوچه داگیرکراوەکاندا هەبوون، ناسنامه و داهاتووی ژنان بوونی نییه"

مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات لەبارەی ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین وتی: دەوڵەتی تورکیا گیان و ڕۆحی ژنانی داگیرکردووە، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ژنان لە مەترسییەکی گەورەی قڕکردندان.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی داوە بە ڕێگای جیاواز، لە زۆر ڕووەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سووریا لەسەر سنوورەکانیان، هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی بەردەوامەم دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ناوچەکانی باب و عەزاز و جەرابلوس و عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی لە ڕێگەی بەکارهێنانی گروپی چەتەکانەوە داگیرکردووە. لەو ناوچانەی کە ژیانێکی ئارام و پارێزراو تێیاندا هەبوو، ئێستا بە داگیرکاری ژیانی دانیشتوانەکەی بوو بە دۆزەخ.

 

١٨ی ئادار شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی هەرێمی عەفرینە،  دەوڵەتی تورکیا  بە ٧٢ فڕۆکەی جەنگی هێرشی دڕندانەی کردە سەر عەفرین، گەلەکەی بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیانکرد بە خەباتێکی ٥٨ ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی دووەمی ناتۆ، لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی داگیرکاریدا، هەزاران ڕووداوی دڕندانە لە عەفرین ڕوویدا، گەلەکەی کۆمەڵکوژ دەکرێن، دەڕفێندرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا، لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، تاڵانکردنی شوێنەکانی، سەپاندنی زمان و کولتووری تورکی، وێرانکردنی گۆڕستان و کڵێسا و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجام دەدرێت.

 

مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات، دەربارەی مەترسییەکان قسەی کرد.

 

"بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکاریی بەردەوامە"

لە سەرەتای قسەکانیدا مزگین خەلیل ئیدانەی بێدەنگی کرد بەرامبەر بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا و وتی: لە ساڵی ٢٠١٨دا شەڕێکی گەورە لە ناوچەی عەفرین هەبوو کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هێزەکانیەوە ئەنجامدرا، بە تایبەتی، پێدەچێت هێزەکانی ڕوسیا وەک هێزێکی مسۆگەرکەر لە عەفرین بڵاوبکرێنەوە، بەڵام بینیمان کە ڕوسیا عەفرینی ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرد لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکان، لە دژی ئەم پیلانگێڕییە، گەلی عەفرین لەگەڵ هێزەکانی بەرخۆدانێکی ئەفسانەیییان نیشاندا، بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ دژی بۆردومانەکان کەلەلایەن ٧٢ فڕۆکەی جەنگی دەکرا ڕاپەرین، دەتوانین بڵێین دژی هێرشی داگیرکاری هەموو تەمەنەکان ڕاپەرین، ئەم بەرخۆدانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، دەبینرێت چۆن گەلی عەفرین لە کامپەکانی بەرخۆدان لە شەهبا دەژین، سەرەڕای بارودۆخی زۆر سەخت، شارەکەیان بەجێناهێڵن.

 

"تاوانەکانی جەنگ ئەنجام دەدرێن، بەڵام هەموو لایەنەکان بێدەنگن"

مزگین خەلیل تیشکی خستەسەر ئەو کردەوانەی کە لەژێر داگیرکاری عەفرین ئەنجامدراون و وتی: لەگەڵ داگیرکردنی عەفرین، دەوڵەتی تورکیا هەموو گروپە چەتەکانی وەک داعش، سوپای ئازاد، جەبهەت ئەلنوسرە و هتد ئەو لە دەوری خۆی کۆکردەوەو ئێستا بە ناوەندی تیرۆریزم لە ناوچە داگیرکراوەکان ناودەبرێت، لە لایەکی ترەوە، دەبینین کە دیموگرافیای عەفرین لە جیاتی دانیشتووانی ڕەسەنی خۆی، خێزانەکانی چەتەکان بڵاودەکرێنەوە. ئەم پێشێلکارییە بەس نییە، دەبینین کە دەوڵەتی تورکیا داوا لە کۆچبەرانی جیاواز دەکات کە بڕۆن بۆ عەفرین، گوایە هەرێمێکی پارێزراوە، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانێتییەکان، پێویستە ئەم کردارانە لە نزیکەوە چاودێری بکرێن و هەنگاوەکان بە گوێرەی ئەوە بندرێن، لە لایەکی ترەوە، دەبینین کە گەلی عەفرین ڕەتیان کردەوە لە خاکەکەیان کۆچ بکەن، ڕووبەڕووی کردەوەی دڕندانە دەبنەوە، لەبەر ئەم هۆکارە عەفرین لە مەترسیدایە و دەبێت دەستبەجێ چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.

 

"دەوڵەتی تورک ژیانی ژنانی کردووەتە دۆزەخێکی بێ کۆتایی"

مزگین خەلیل وتی: کاتێک دەڵێین نابێت داگیرکاری لە چوارچێوەی تەسکی داگیرکردنی جوگرافیادا وەربگیرێت، هەروەها داگیرکردن لەسەر هەبوون، بیر، ڕۆح، ناسنامەشە، چونکە دەوڵەتی تورک لەگەڵ داگیرکردنی خاکی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپیو هتد، چارەنووس و داهاتوویانی داگیرکردووە،  ئەمە لەگەڵ خۆیدا چەندین کردەوە دەهێنێت، بەتایبەتی بەداخەوە کە ژنان و منداڵان بە درێژایی مێژوو زیانبەرکەتووی جەنگ بوون، هەروەها ئەمە بۆ کێشەی داگیرکردن ڕاستە، ئەو ژنانەی لەژێر داگیرکاریدا دەژین ژیان و داهاتووی خۆیان نییە، ئەم ڕاستییە لە ناوچە داگیرکراوەکانی دەوڵەتی تورکدا دەردەکەوێت. بە تایبەتی ماوەیەک لەمەوبەر، دەوڵەتی تورکیا بڕیاری لە سێدارەدانی چەند ژنێکی دام هەروەها ژنان ڕفێندران، ئەشکەنجە دەدرێن، کۆمەڵکوژ دەکرێن و هەراسان دەکرێن، بەبێ هیچ بنەمایەک سزا دەدرێن.

 

"بە تێکۆشانی خۆمان تۆڵە لە دەوڵەتی تورک دەکەینەوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات هەڵوێستی خۆی دەربڕی و وتی: کردەوەکانی دژ بە ژنان ڕەوشت، پرەنسیپەکان، ئایینەکان، ستانداردەکان و هاوپەیمانێتییەکان پێشێک دەکەن و ئەم ڕووداوانە هەزاران جار تۆمارکراون و لەگەڵ خەڵکدا هاوبەش کراون، ئەم کردەوەیە پیلانێکی دەوڵەتی تورکە کە کاریگەری لەسەر شۆڕشی ژنان هەیە، شۆڕشی ئێمە بریتییە لە دڵنیابوون لە ئازادی و مافەکان و ناسنامە و بوونی ژنان، بەڵام ئەوەی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ڕوودەدات پێچەوانەی ئامانجەکانمانە، لەبەر ئەوەی ئەوان هەوڵ دەدەن ژنان کۆیلە بکەن و ژنان لە ماف و ناسنامە جیا بکەنەوە، لەبەر ئەم هۆکارە دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئێستا ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان دەکوژن، بە دڵنیاییەوە بێدەنگ نین و بەردەوام دەبین لە خەباتمان بۆ ئازادی و یەکسانی و شکۆمەندی و لەم ڕۆحەدا بۆ ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان بەرخۆدان دەکەین، تۆڵەی ئەو ژنانە دەکەینەوە و پێشەنگایەتی سەرکەوتن دەکەین.