ئەڤین سوێد بوو بە هاوسەرۆکی نوێی ئەنجومەنی جێبەجێکار

ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلان دوای پەسەندکردنی دەست لەکارکێشانەوەی بێریڤان خالید، ئەڤین سوێدی وەک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک هەڵبژارد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری ڕەققە ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری دەست لەکارکێشانەوەی بێریڤان خالید پەسەندکرا و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆکی نوێی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا، بە ڕەزامەندی زۆربەی ئەندامانی، ئەڤین سوێد لەشوێنی بێریڤان خالید هەڵبژێردرا.

 

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلان بەردەوامە بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئەندامانی دادگای پاراستنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی هەڵدەبژێردرێن، هەروەها ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلان و دەنگدان بۆ نوێکردنەوەی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ئەنجام دەدرێت.

 

ئەڤین سوێد کێیە؟

ئەڤین سلێمان سوێد لە ساڵی ١٩٨١ لە قامیشلۆی کانتۆنی جزیرەلە دایک بووە، دەرچووی بەشی بەڕێوەبردنی کارە لە کۆلێژی ئابووری لە زانکۆی حەلەب.

 

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧بۆ ٢٠١٤، وانەی بیرکاری بووەو لە سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢، وازی لە وانە وتنەوە هێنا و بەشداری لە چالاکییەکانی شۆڕش کرد.

 

لە ماوەی شۆڕشەکەدا، لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی ڕۆناهی بوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢١ وەک وتەبێژی کۆنگرەی ستار کاری کردووە.

 

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١بەشداری لە چالاکییە دیپلۆماسییەکان کردووە و وەک هاوسەرۆکی ناوەندی دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی کاری کردووە، دواتر وەک نوێنەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باشووری کوردستان دەستنیشانکرا.

 

هەروەها ئەو لەو ئەرکەدا بوو تا ئەو کاتەی وەک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جیبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک هەڵبژێردرا.