لە بیابانی سووریا لە کاتی کۆکردنەوەی دومەڵاندا سێ ژن کوژران
لە بیابانی باشووری دێرەزوور لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە سێ ژن لەکاتی کۆکردنەوەی دومەڵاندا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

دێرەزوور
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری نوژنها لە دێرەزوور، دوێنێ، ١٣ی ئادار لە بیابانی باشووری دێرەزوور لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە سێ ژن لە کاتی کۆکردنەوەی دومەڵاندا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەو ژنانە خەڵکی گەڕەکی تەب ئەلجورەی شاری دێرەزوورن و تەرمەکانیان هێشتا لە بیابانی بوشرای باشووری ڕۆژئاوای شارەکە ماوەتەوە.
ئەمەش کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە هات کە هێرشێکی هاوشێوە لە بیابانی کاباجیب لە دێرەزوور بووە هۆی کوژرانی ١٨ کەس و برینداربوونی ١٦ کەسی دیکە و بێسەروشوێنکردنی نزیکەی ٥٠ کەس.
بەڵگەنامەی کوشتنی ٢١١ کەس لە بیابانی سووریا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە بەهۆی بۆردوومان و هێرشی چەکداری لە ڕۆژئاوای فورات و بیابانی دێرەزوور و ڕەققا و حومس تۆمار کراوە، کرێکارانی کۆکردنەوەی دومەڵان زۆرجار هاوڵاتی مەدەنی هەژارن، کە بە دوای بژێویدا دەگەڕێن لە ناوچە بیابانییە دوورەکان.