ئەمازۆنییەکان لە لیبیا ئاهەنگ بە ناونیشانی "ژنانی هیوا" دەگێڕێت

ڕێکخراوی ئەمازۆنییەکان بە دروشمی "ژنێکی هۆشیار، نیشتمانێکی ئازاد"، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کار لەسەر کێشەکانی ژنان دەکات بە دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکانیان.

ئیبتیسام ئەغفیر

 

بنغازی-هەموو ساڵێک ڕێکخراوی نەتەوەیی ئەمازۆنییەکانی لیبیا دروشمێک هەڵدەبژێرێت کە ڕەنگدانەوەی قووڵی کارە بێ ماندوونەبووەکانی بەدرێژایی ساڵەکەیە بە دابینکردنی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە بە هەموو شێوەکانیەوە، ئەمساڵیش ئەندامانی ڕێکخراوەکە دروشمی "ژنانی هیوا"یان هەڵبژارد بۆ پشتگیریکردنی ژنانی ئاوارەی دەرنا لە بنغازی کەبەهۆی زریانی دانیال ئاوارەبوون.

 

ڕێکخراوی نەتەوەیی ئەمازۆنییەکانی لیبیا بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی پزیشکی نێودەوڵەتی و بە سپۆنسەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان "UNFPA" بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانەوە، ڕۆژی ٩ی ئادار ئاهەنگێکیان ڕێکخست.

 

چالاکییەکان بە وتارەکان بەردەوام بوون بە ئیلهامبەخشینی ژنان لە شاری دەرنا، کە بە هەموو هێزی خۆیانەوە هەوڵ دەدەن بەسەر ئەو ئازارەدا زاڵ بن و دووبارە هەستنەوە و بگەڕێنەوە سەر ژیان، هەروەها ئەو ژنانەی کە بە بەهێزی بەرەنگاری ژیان بوونەوە دوای لەدەستدانی بژێوی پرۆژەی ئابوورییان دروستکرد بۆ پشتگیریکردنی خۆیان و منداڵەکانیان.

 

"ئامانجمان لەم دروشمەیە بۆ ئەوەی بە ژنان بڵێین ئەوان هیوای ژیانن"

عایشە ئەلقینی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ڕێکخراوی ئەمازۆنییەکانی لیبیا پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی لیبیا بە تایبەتی کردو وتی: دروشمی ئەمساڵمان بە ناوی "ژنانی هیوا" چونکە ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئاوارەی دەرنامان هەیە لە شاری بەنغازی و ئامانجمان لەم دروشمەیە بۆ ئەوەی بە ژنان بڵێین ئەوان هیوای ژیانن و ئێمە وەک ژنانی لیبی لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوەوە کاردەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پێگەیان.

 

ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ڕێکخراوەکە هەوڵی جێبەجێکردنی دروشمەکەی داوە، کە هەر لە سەرەتاوە بە دروشمی "ژنێکی هۆشیار و نیشتمانێکی ئازاد" کاریکردووە، ژنان و کێشەکانیان ئامانجی سەرەکی ئێمەن، لە ڕێگەی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دابینکردنی هەندێک یارمەتی ماددی بەگوێرەی پێداویستییەکانیان و بەگوێرەی بارودۆخی بەردەست، هاوکاری پێشکەش دەکەین.

 

مونا بەکوش، چالاکوانی مەدەنی وتی: نابێت ژنان ساڵانە یەک ڕۆژیان هەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ جیهانداین کاتێک ئەو ڕۆژەی کرد بە ڕۆژێک بۆ ئاهەنگ گێڕان بۆ ژنان و بەبیرهێنانەوەی مافەکانیان، چونکە ژنان هەموو شتێکن لە ژیاندا.

 

هەنیە سائیح، ئەندامی کۆمسیۆنی سکۆت و ڕێبەرانی بەنغازی وتی: پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی لیبیا دەکەم، بەتایبەتی ژنانی بەنغازی، ئەم ڕۆژە بە یەکێک لە ڕۆژە تایبەتەکان دادەنرێت کە ئاهەنگ دەگێڕدرێت بۆ ژنان و یاد دەکرێنەوەو مافەکان بەبیردەهێندرێنەوە.