ژنانی تل تەمر نامەیان بۆ عەبدوڵا ئۆجالان نووسی

دەستپێشخەری گەلی ناوچەی تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ و هەروەها ژنان و منداڵان نامەیان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نووسی.

حەسەکە

 

لە کوردستان و سەرانسەری جیهاندا هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە نووسینی نامە دەستیپێکرد، دوێنێ ١٩ی شوبات دەستپێشخەری گەلی ناوچەی تل تەمر لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیکرد بە کۆکردنەوەی واژۆو لە لایەکی دیکەوە نامە بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بە پیشەنگایەتی دایکان و ژنان و منداڵان نووسرا.

 

ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی بەتەمەن و منداڵان لەژێر وێنەی عەبدوڵا ئۆجالاندا کاغەز و پێنووسیان هەڵگرتو بۆ نووسینی نامە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێک لە ژنان لە تەمەنی منداڵیدا نەیانتوانی مافی خوێندن بەدەست بهێنن، منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵان بووە یارمەتیدەریان و زۆرێک لە نامەکانی ژنان بە دەستی ئەو نووسران.

 

"سی پی تی بە بێدەنگی بەرامبەر بە دۆخی ئۆجالان دژی دروشمەکەیەتی"

سەبارەت بە ئامانجی ئەم کارە، میدیا میۆ لە تیل تەمر ئاماژەی بەوەکرد، ئازادی ژنان پشت بە ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبەستێت و وتی: ئەو ڕێبەرەی بیری نەتەوەی دیموکراتیکی پەرەپێدا و دەیویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوببێتەوە و نیشتەجێ بێت، ئەمڕۆ لە زینداندایە، وڵاتانی ئەوروپا و جیهان بەگشتی ئاگاداری بیری ڕێبەر ئۆجالانن، ئامانجمان لە نووسین و کۆکردنەوەی نامەکان ئەوەیە کە بیخەینە ناو پەرتووکەوە، بێدەنگی سی پی تی قبوڵ ناکرێت و مانا و ڕاستی دروشمەکەیان، کە دەبێت بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بێت، چیتر بوونی نییە.

 

"ئەگەر ئەوان نەیکەین، ئێمە دەیکەین"

حەمدیا کوت، یەکێک لەو ژنانەی کە نامەی بۆ ئۆجالان نووسیوە، وتی: هێزە پیلانگێڕییەکان وتیان ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ دەستگیر بکرێت، دۆزو شۆڕشەکەمان بەتاڵ دەبێت، بەڵام ئەوەی ئەوان خەیاڵیان دەکرد و ئەو ڕاستییەی کە ڕوویدا ئەوانی سەرسام کرد، تەمەنی خۆمان پیشکەشی ڕێبەرەکەمان دەکەین، وڵاتانی نێودەوڵەتی کەڕ و لاڵن، بەڵام کەڕ و ڵاڵ نین، ئەو شتەی نایکەن ئێمە دەیکەین و ڕێبەرەکەمان ئازاد دەکەین، ئازادی جەستەیی ئۆجالان ئاشتی و یەکسانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر دەکات، ئازادیی ژنان بە ئازادی ڕێبەر ئۆجالاندا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە ژنان ببنە بازنەیەکی ئاگر و لە دەوری ڕێبەرو شەهیدەکان بن.

 

ڕۆپەرین شێخموس منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵە و نامەی زۆرێک لە ژنانی نووسی، ڕۆپەرین وتی: من قوتابی ڕێبەر ئاپۆم، ئەمڕۆ یارمەتی زۆرێک لە دایکانمان دا و نامەکانیانم بۆ ڕێبەرەکەمان نووسی کە ٢٥ ساڵە لە زینداندایە، ڕێبەر ئۆجالان کاری زۆری بۆ گەلی کورد کردووە و ئێمە بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ کار بۆ ئازادی ئەو دەکەین.

 

کۆمەڵەی ژنان بە دروشمی "ژیان بەبێ سەرۆک بوونی نییە" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییان بە نووسینی نامەکانیان هێنا.