کاسبکاران و پیشەوەران پاڵپشتی مامۆستایان دەکەن

خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە کاسبکاران و پیشەوەران شوێنی کارەکانیان بە جێهێشت و پشتیوانیان لە داوای مامۆستایان کرد.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەڕێوەچوو، کە داوایان لە دەسەڵات کرد، مافی مووچەخۆران بدات و ئەو پەیامەیان دا، کە هەڕەشە و چاو سورکردنەوەکان کاریگەری نابێت و بەردەوان دەبن لە بایکۆت، تا ئەو کاتەی شایستە داراییەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

 

کاسبکاران و پیشەوەرانی شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ دەنگی خۆیان خستە پاڵ مامۆستایان و شوێنی کارەکانیان بە جێهێشت و پشتیوانیان لە داوای مامۆستایان کرد و بەشداری گردبوونەوە بوون.

 

پەیمان حەسەن، مامۆستایەکە و لە سەرجەم خۆپیشاندانەکان بەشداری کردووە و هاتنی پیشەوەران و فەرمانبەران بۆ ناو خۆپیشاندان بە پاڵپشت دەزانێت، چونکە پێی وایە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە زەرەرمەند بوون لە نەبوونی مووچە و ماف و داهاتی گەل زەوت کراوە، بەمەش بازاڕ و دوکان ڕاوەستاون.

 

نیشتمان هەڵەبجەیی وەک فەرمانبەر بەشداری خۆپیشاندانەکەیە و خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە هیچ هێزێک ناتوانێت گەل کپ و بێدەنگ بکات.

 

دەروون محەمەد مامۆستا وانەبێژە، داوا لە حکومەت دەکات کە بە بڕیارەکانیدا بچێتەوە، چونکە بەڵێنی بێ کرداری دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.