هێرشەکان بەردەوامن و ژمارەی گیان لەدەستدانی غەززە ١٠ هەزار کەس تێدەپەڕێنێت

سەرەڕای نەبوونی هیچ چارەسەریی و ئاگربەستێک، بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی سەر کەرتی غەززە هەیە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە لە مانگی دووەمدا بەردەوامن ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەکان لە زیادبووندایە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، نەخۆشخانە، قوتابخانە و پەناگەکان کراونەتە ئامانج.

 

ئەفاد ناتق، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٤٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی گیان لەدەستدان لە دەستپێکی هێرشەکەوە گەیشتە ١٠ هەزارو ٣٢٨ کەس لەناویاندا چوار هەزارو ٢٣٧ منداڵ و دوو هەزارو ٧١٩ ژن و  ٦٣١ بەساڵاچوو هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێڕەوانەی پێیان دەوترێت ڕێڕەوی پارێزراو لە غەززە بوونەتە ڕێڕەوی مردن و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ڕێڕەوێکی مرۆیی پارێزراو دابین بکەن بۆ دڵنیابوون لە لێشاوی یارمەتی و پێداویستی پزیشکی و سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکان، دوای ئەوەی بە تەواوی نەیانتوانی خزمەتگوزاری بۆ بریندارەکان دابین بکەن، وتیشی: پێویستە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سیستمی تەندروستی بوەستێندرێت بۆ ئەوەی هەلی تیمە پزیشکیەکان هەبێت بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان و ڕزگارکردنی بریندارەکان.

 

ژنانی دووگیان گیریان خواردووە

بەڕێوەبەری هەرێمی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە هەرێمی وڵاتە عەرەبییەکان ڕایگەیاند ٢.٢ ملیۆن کەس لەناویاندا ٥٠هەزار ژنی دووگیان کە ٥ هەزارو ٥٠٠ کەسیان لەکاتی منداڵ بووندان، بۆ ماوەی مانگێکە لە کەرتی غەززە گیریان خواردووە، ژنان بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندی لەو پەناگەیەی کە لەگەڵ ئاوارەکاندا قەرەباڵغ بوون زەحمەتییان هەیە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ٥ هێرشی بۆ سەر ٥ نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە تۆمارکردووە، تیایدا ٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧٤کەسی دیکە برینداربوون، هەروەها زیاتر لە ١٦ کارمەند لەکاتی چاودێریکردنی بریندارەکان و نەخۆشەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

 

کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی ئەوەیان کردووە کە تا ٥ی تشرینی دووەم، نزیکەی هەزارو ٢٧٠ منداڵ کە لەوانەیە لەژێر وێرانەکاندا گیریان خواردبێت، ڕاپۆرت کراوە بێسەروشوێن بوون، ژمارەی گیان لەدەستدانی ساڵانەی لە ناکۆکییە چەکدارییەکانی جیهاندا لە چوار ساڵی ڕابردوودا تێپەڕاندووە.

 

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی غەززە ئاماژەی بەوەدا ژمارەی پەناگەکان لە پارێزگاکانی غەززە ٢٢٥ پەناگەیە، لەوانە ٩٧ لە پارێزگاکانی غەززە و باکوور کە ٣١١ هەزار ئاوارەی تێدایە.

 

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "UNRWA" هۆشداری دا لە دەرئەنجامە خراپەکانی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەکان و شوێنەکانی پەرستن و ناوەندە مرۆییەکان لە غەززە، داوای کرد پێویستە یارمەتی و سووتەمەنی بچێت بۆ کەرتی غەززە بۆ ڕێگەگرتن لە کارەساتی مرۆیی.