خەڵاتی "ئازاترین ژنە ڕۆژنامەنووسی جیهان" بەخشرایە یەڵدا مێیری

ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر یەڵدا مێیری کە لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستگیر کرابوو، بە شایستەی خەڵاتی "ئازاترین ژنە ڕۆژنامەنووسی جیهان" دانرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر یەڵدا مێیری کە بە تۆمەتی گرتنی وێنەی خۆپیشاندەران لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستگیر کرا، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی شیرین ئەبو عەقلە، کە لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکدا لە کەناری ڕۆژئاوای فەلەستین گیانی لەدەستدا،ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئۆکراینا، لە مەکسیکەوە ماریا تێرزادێلگادۆ، بووە براوەی خەڵاتی دامەزراوەی نێودەوڵەتی میدیای ژنان (IWMF)بۆ "ئازاترین ژنە ڕۆژنامەنووسی جیهان".

 

لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردندا کە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەچوو، باس لە دەستگیرکردنی یەڵدا مێیری لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ئەو ئەشکەنجەیەی کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تووشی بووە، کرا.

 

دامەزراوەی نێودەوڵەتی میدیای ژنان لە میانی دابەشکردنی خەڵاتەکاندا ڕایگەیاند: خەڵاتەکانی ئەم دامەزراوەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەگەری ئازاد و هێرشی سێکسی و بێمتمانەیی میدیاکان لە ئاستێکی بەرزدایە، خەڵاتکراوەکانی ئەمساڵ کەسانێکن کە ڕاستییەکان لە ناوەڕاستی شەڕ و سانسۆر و تاکڕەویدا دەهێننە دەرەوە.

 

دامەزراوەکە ڕایگەیاند کە خەڵاتی بوێری لە ڕۆژنامەگەریدا نیشانی خەڵک دەدات کە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان لە شوێنی خۆیان نەوەستن، ناتوانرێت بێدەنگ بکرێن و پێویستە بەرخۆدانیان لە بەرامبەر سەختییەکان ببینرێت.

 

یەڵدا مێیری لە ٢٨ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.