ژنانی ئەکتەر بە بیانووی نەپۆشینی حیجابی ناچاری ڕێگرییان لێدەکرێت

جێگری بەڕێوەبەری چاودێری و هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی فیلمی سینەمایی ڕایگەیاند، بە بیانووی نەپۆشینی حیجابی ناچاری کاری ئەکتەرە ژنەکان قەدەغە کران.

ناوەندی هەواڵ

 

جێگری بەڕێوەبەری چاودێری و هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی فیلمی سینەمایی ڕایگەیاند، ژمارەیەک ئەکتەر بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی ناچاری لە نواندن قەدەغە کراون، بە پێی لێدوانەکانی ئەو ئەکتەرانەی، لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا وەک نیشانەی ناڕەزایەتی حیجابی ناچارییان داکەند، بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران، درێژەدان بە چالاکییە هونەری و پیشەییەکانیان قەدەغە کراون لە بواری نواندندا.

 

جێگری بەڕێوەبەری چاودێری و هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی فیلمی سینەمایی ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە فیلمەکانی پێشووی ئەو ئەکتەرانە "بە ڕیز بڵاودەکرێنەوە بۆ ئەوەی خاوەن فیلمەکان زیانیان پێ نەگات. چونکە پارەیەکی زۆر خەرج کراوە". بەڵام لەمەودوا ناتوانن لە فیلمێکی نوێدا ڕۆڵ بگێڕن.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، ئەکتەرانی وەک، باران کەوسەری، ویشکا ئاسایش، تەرانە عەلی دۆستی، کەتایۆن ڕیاحی، پانتا بەهرام، فاتمە موعتەمەد ئاریا، گوڵاب ئادینە، ئەفسانە بایگان، هەنگامە قازیانی، پگا‌هـ ئاهەنگرانی، مریەم بوبانی، شەقایق دەهقان و چەندان ئەکتەری دیکە لە نواندن قەدەغە کران.