٪٧٠ی ئەو کەسانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵ و بەساڵاچوون

بە پێی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٧٨ فەلەستینی لە هێرشی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتە سێ هەزار و ٤٧٨ کەس و هەزار و ٣٠٠ کەس بە 'بێسەروشوێن' ڕاگەیەندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە لێدوانێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە، لە هێرشەکاندا، کە ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، ٤٣٣ خێزان لە غەززە کوژراون، لەم خێزانانەدا بە گشتی دوو هەزار و ٤٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦٧٨ کەس کوژراون

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٧١ کەس لە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانی لە غەززە و بە گشتی ٦٧٨ کەس کوژراون، تا ئێستا سێ هەزار و ٤٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هەزار و ٦٥٠ کەسیش بریندار بوون.

 

١٢١ هەزار باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا چوار هەزار و ٨٢١ باڵەخانە بە تەواوی وێران بوون، نزیکەی ١٢١ هەزار بینا زیانیان بەرکەوتووە.

 

زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵ و بەساڵاچوون

وەزارەتی تەندروستی غەززە لەبارەی دیارنەمانی هەزار و ٣٠٠ کەسی ڕایگەیاند، ٦٠٠ کەسیان منداڵن و ٪٧٠ی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە، ژن و منداڵ و بەساڵاچووانن.

 

لە هێرشەکەی سەر غەززەدا ٣٠٤ سەرباز و هەزار و ٤٠٥ ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٦٨ ئیسرائیلیش بریندار بوون.