مامۆستایانی وانەبێژ بە بێ قسە کردن بەردەوامی بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن

دامەزراندنی مامۆستایان لەدوای دەستپێکردنی قەیرانەکان ڕاگیراوە و مامۆستایانی وانەبێژ وەک مامۆستایانی دامەزراو مافیان پێنادرێت، بەردەوامن لە گردبوونەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی گردبوونەوە و جەختیان لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانیان تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردەوە.

 

نزیکەی ٣٢ هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، کە تا ئێستا دانەمەزراون، لە کاتێکدا چەندین جار بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و گردبوونەوەیان کردووە، بەڵام داواکارییەکانیان وەک خۆی ماوەتەوە.

 

مامۆستایانی وانەبێژ لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە چەندین دروشمی جیاواز داوای مافەکانی خۆیان دەکرد، داهاتووی منداڵانیان دەخستەڕوو کە کەرتی پەروەردە بەستراوە بە مامۆستایانی وانەبێژ، چونکە بەشی زۆری خوێندنگەکان پڕدەکەنەوە، بەڵام حکومەت هیچ گرنگیان پێنادات، تەنانەت مامۆستایانی دامەزراو و بەڕێوەبەرەکانیش بە چاوێکی دیکە سەیریان دەکەن.

 

مامۆستایان بە دەمامکی ڕەشەوە بەشداریان کرد

هاودەم هیوا، مامۆستای وانەبێژ، لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها ئاماژەی بە ئامانجی گردبوونەوەکە کرد و وتی: تەنها ئامانجمان ئەوەیە داواکارییەکانمان بە دەسەڵات بگات، چیتر دەرگای خوێندنگەکان دانەخرێت و مامۆستا و خوێندکارانیش بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

 

مامۆستایانی وانەبێژ جیاواز لە چالاکییەکانی دیکە، بە دەمامکی ڕەشەوە کە نیشانی بێدەنگییان لەسەر کێشاوە، بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد، بەو واتایەی سوورن لەسەر داواکانیان و لەوە زیاتر هیچیان نییە ئاماژەی پێبکەن و قسەی لەسەر بکەن.

 

هەر ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری شاری هەڵەبجە و هەرێمی ڕاپەڕین گردبوونەوە و جەختیان لەسەر داواکانیان کردەوە، مامۆستایان ئاماژەیان بەوەکرد، داواکارن لە حکومەت بە زووترین کات وەڵامی داواکارییە سەرەتاییەکانیان بداتەوە، کە بریتییە لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پێدانی مووچەی مامۆستایانی هەمیشەیی بێ پاشەکەوت و لە کاتی خۆیدا.