تۆمەتباری گیان لەدەستدانی میهرانی گەنج ئازاد کرا

لە شارۆچکەی خەباتی سنوری پارێزگای هەولێر، ئەو تۆمەتبارەی هۆکاری خۆسووتاندنی ژنێکی گەنج بوو، پاش ٦ مانگ لە دەستگیرکردنی ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

میهران عەبدولکەریمی ١٧ ساڵ، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی خەبات، لە سەربانی ماڵی خۆیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دوای مانەوەی بە برینداری بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەی لە ١٤ی نیسان گیانی لەدەستدا.

 

میهران، پێش گیان لەدەستدانی، لە وتەکانیدا ئەوەی ئاشکراکردبوو، کەسێک بە هەڕەشە و فشار ویستوویەتی لەگەڵیدا بچێتە دەرەوە و پارەی پێبدات، لە ترسا پەنای بردووەتە بەر خۆسووتاندن.

 

بۆ ڕۆژی دواتر پۆلیسی شارۆچکەی خەبات ڕایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە کە بەهۆی هەڕەشەکانییەوە میهران خۆی سووتاند، کەسەکە بە پێی مادەی ٤٠٨ لە یاسای سزادانی عێراقیی ڕاگیراو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا.

 

لە یاساکە دا هاتووە گەر ئەو کەسەی، کە دەبێتە هۆی خۆکوشتنی کەسێکی دیکە تەمەنی ١٨ ساڵی تێنەپەڕاندبێت، ئەوا تۆمەتبار سزا دەدرێت بە یاسای (سزای کوشتنی بە ئەنقەست) یان بە (سزای تاوانی دەستدانە کوشتن بە گوێرەی بارەکان(.

 

بەڵام لە دوای کەمتر لە شەش مانگ، کەسوکاری میهران نیگەرانن لەو بڕیارە و ئاشکرایان کردووە، تۆمەتبار بە کەفالەت ئازادکراوە و تاوەکو ڕۆژی دادگاییش، کە هێشتا نازانن کەی دەکرێت، لە دەرەوەی زیندان دەبێت.