خوێندکارانی قۆناغی ١٢ داوای مافی مامۆستایانی ناڕازی دەکەن

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، خوێندکارانی قۆناغی ١٢ لە شاری هەڵەبجە لە بەردەم باخی گشتی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوایان کرد، مافی مامۆستایان بدرێت و دەرگاکانی خوێندن بکرێنەوە.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەشێک لە خوێندکارانی قۆناغی ١٢ لە بەردەم باخی گشتی شاری هەڵەبجە گردبوونەوە و دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی مامۆستایان و داوای مافی مامۆستایانیان کرد، ڕایانگەیاند، با هەرچی زووە کێشەی مامۆستایان چارەسەر بکرێت تا بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

 

هەنی بەهمەن، خوێندکاری پۆلی ١٢یە لە شاری هەڵەبجە، داوای کرد، هەرچی زووترە دەنگیان بگاتە لایەنی پەیوەندیدار و مافی مامۆستا بدرێت تا مامۆستایانیش بایکۆت بشکێنن و خوێندکاران بچنەوە هۆلەکانی خوێندن.

 

پاشان لەلایەن نوێنەری خوێندکارانەوە بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، "ئەم رۆژانە بە ڕۆژی تاقیکردنەوەی هەڵویست و وەفا دەزانین بەرامبەر مامۆستایان و لێرەوە ڕووی دەممان دەکەینە حکومەتی بێ باك و پێی دەڵێین، ئەگەر بەردەوامی خوێندنی هەزاران خوێندکاری ئەم سنورەی بۆ گرنگە، ئەوا پێویستە بە ئەرکی خۆی هەستێت و شایستە داراییەکان بە مامۆستایان بدات و بتوانن مامۆستایانیش بە دەروونیکی ئارامەوە وانە بڵێنەوە.

 

لە پاش گردبوونەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران، بڕیارە رۆژی یەکشەممە مامۆستایان و فەرمانبەران و کەسوکاری خوێندکاران بچنە سەرشەقام، بە مەبەستی دەربرینی نارەزایەتی و داواکردنی مافە سەرەتاییەکان