دایکی کوردانی خوراسان کۆچی دوایی کرد

حەلیمە تەقیپوور ناسراو بە دایکی کوردانی خوراسان دوای ٣ ڕۆژ لە کردنەوەی ئەکادیمیای کانیمال کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

حەلیمە تەقیپوور، لێکۆڵەرێکی دیاری بواری مێژوو و فەرهەنگی کوردانی خوراسان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی مۆزەخانەی کوردی کانیمالە، تەنیا ٣ ڕۆژ دوای کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

 

حەلیمە تەقیپوور زۆرترین تەمەنی خۆی بۆ هەوڵدان بۆ زیندوو ڕاگرتنی فەرهەنگ و مێژووی کوردانی خوراسان بەسەر برد و زیاتر لە نیو سەدەیە لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی کەلیموڵا توحەدی، توانی خزمەتی بەنرخ پێشکەش بکات و چەندین کتێبیشی نووسیوە.

 

لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی دەستی بە چالاکییەکانی بۆ کوردانی خوراسان کردووە کە بۆ ماوەی ٥٠٠ ساڵ لە مێژوو و کولتوور و ڕەسەنایەتی خۆیان دابڕابوون و بەم شێوەیەش بەرگەی چەندین سەختی گرتووە، بە جۆرێک لە یەکێک لە گەشتە لێکۆڵینەوەکانی خۆی و هاوژینەکەیدا، منداڵە بچووکەکەیان لەدەستدا، بەڵام هەرگیز نەوەستاون و بەردەوام بوون بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان.

 

حەلیمە تەقیپوور، ٣ ساڵ لەمەوبەر، زەمینەی دروستکردنی ئەکادیمیای کانیمالی بۆ پاراستن و بڵاوکردنەوەی مێژووی هەزاران ساڵەی کوردانی خوراسان خۆشکرد، کە دەکەوێتە گوندی ئۆغاز لە شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور و لە ماڵی خۆیان و لەسەر ئەرکی خۆیان، دوای ئەرکی سێ ساڵیان، سێ ڕۆژ لەمەوبەر بە فەرمی کرایەوە.

 

دوای کردنەوەی مۆزەخانەکە، حەلیمە تەقیپوور، کە بە دایکی کوردانی خۆراسان ناسراوە، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنەوە کۆچی دوایی کرد.