ئەوانەی لە ململانێکانی سودان هەڵدێن، ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە

بەرپرسێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری دابینکردنی ڕێڕەوی سەلامەتە بۆ ئەو کەسانەی لە شەڕی سودان هەڵدێن.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە کاتێکدا ململانێکانی سودان پێی ناوەتە مانگی چوارەمی خۆیەوە، پێشێلکارییەکان لە دژی ئاوارەکان و ئەوانەی لە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان هەڵدێن، بەردەوامە، لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ چوارشەممە ٩ی ئاب، کلیمەنتین نکوێتا سەلامی، ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سودان، داوای کرد کە ڕێگە بدرێت هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی، لەوانەش ئەو پەنابەرانەی کە هەوڵی هەڵاتن لە ناوچە جێناکۆکەکان دەدەن، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و بەبێ بەربەست بگەنە شوێنی سەلامەت

 

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای چوار مانگ لە ململانێ لە سودان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاوارە بوون و زیاتر لە ٪٧١ی زیاتر لە سێ ملیۆن کەس ئاوارە بوون.

 

کلیمەنتین نکوێتا سەلامی وتی: هاوڵاتیانی مەدەنی بە پەنابەرانیشەوە، دوای چوار مانگ لە شەڕ و پێکدادانەکانی سودان، هێشتا تووشی پێشێلکارییەکی ترسناک دەبن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە بۆ کوشتن و ئامانجگرتن، دەستگیرکراوەکان و بارمتەکانن، ئەمەش بە قبوڵنەکراو دانانرێت، دەستبەجێ پێویستی وەستاندنی شەڕ دەخاتەڕوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لەوانەی بەهۆی شەڕەکەوە گیریان خواردووە، نەیانتوانیوە لە شوێنێکی دیکەدا بەدوای سەلامەتیدا بگەڕێن، سەبارەت بەو کەسانەی کە دەتوانن هەڵبێن، ڕووبەڕووی مەترسیی دیکە دەبنەوە، "ئەوان لە کاتی گەشتەکانیاندا بۆ ناوچە سەلامەتترەکان بەرکەوتەی سووکایەتی و دزی و هەراسانکردن دەبن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کوژرانی ٢٨ پەنابەر لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی خەرتوم لە ٢٥ی حوزەیراندا "بیرهێنانەوەی توندی ئەو ترسناکییانەیە کە ڕووبەڕووی پەنابەران بووەتەوە"، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە هاوکاریکردنی ئەو پەنابەرانەی کە لە پایتەختی سودان ئاوارە بوون، بەپێی زانیارییەکانی دیکە،م هەندێک لە مەدەنییەکان کە هەوڵیانداوە لە تێکهەڵچوونە توندوتیژەکانی سیربا لە دارفۆری ڕۆژئاوا لە ٢٦ی تەمموزدا هەڵبێن، ڕێگرییان لێکراوە سنوور ببڕن بۆ ناو چاد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنەکانی ململانێ دەبێت تێپەڕینێکی سەلامەت بۆ ئەو هاوڵاتیانە مەدەنیانە مسۆگەر بکەن کە لە توندوتیژی لە خەرتوم و دارفور و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە هەڵدێن.