ژنکوشتن بەردەوامە، ژنێک لە قەڵادزێ لە لایەن براکەیەوە کوژرا

 لە شارۆچکەی قەڵادزێ ژنێک لەلایەن براکەیەوە کوژرا، بەمەش چوارەم ڕووداوی کوشتن و بریندارکردنی ژنانە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

عەقڵیەتی پیاوسالار و هێرشی دڕندانەی پیاو چ باوک بێت، یان برا و هاوژین بۆ سەر ژنان بەردەوامی هەیە و پیاوان بەبیانووی "شەرەف"ەوە ژیان لە ژنەکان دەستێننەوە، هەر ئەمڕۆ دوو ژن لە لایەن براکانیانەوە کوژران و بریندار کران.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٠ی ئاب  لە گەڕەکی ئاشتی لە شارۆچکەی قەڵادزێ، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لەلایەن براکەی خۆیەوە، کە تەمەنی ٣٥ ساڵە بە فیشەک کوژرا، دوای گەیاندنی تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ دەرکەوتووە سێ فیشەکی پێوەنراوە.

 

دوای ڕووداوەکە بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی قەڵادزێ کردووە، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی ٤٠٦ تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.

 

ئەمە چوارەم ڕووداوی کوشتن و بریندارکردنی ژنانە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، کە بەم شێوەیەیە؛

بەیانی ئەمڕۆ، ١٠ی ئاب، لە شاری کەرکوک ژنێکی دیکە لەلایەن براکەیەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلـە و لەژێر چاودرێری چڕی پزیشکدایە.

 

٨ی ئاب، ژنێکی گەنج لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی بە بە چەقۆ کوژرا.

 

شەوی ٦ی ئاب لە شارەدێی ڕزگاری گەرمیان ژنێکی گەنج بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.