عێراق کار بۆ دۆزینەوەی ئێزیدییە بێسەروشوێنەکان دەکات؛ خۆی بەشێکە لە پیلانگێڕی سەر شەنگال

عێراق لەلایەک بەشداری ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی تورکیا-عێراق-پەدەکەیە، لەلایەکی دیکەوە بە سێ دۆسیە کار بۆ پاڵپشتیکردنی شەنگال و ئێزیدییەکان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

خەلەف شەنگالی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئێزیدییەکان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا خستیەڕوو، حکومەتی عێراق کار لەسەر سێ دۆسیەی بنەڕەتی دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی شەنگال و ئێزیدییەکان، باسی لەوەشکرد، لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی دوو هەزار و ٦٠٠ ئێزیدی، کە بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

 

ئەو ڕاوێژکارەی حکومەتی عێراق ڕاشیگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت پێکهێنراوە بۆ گەڕان بەدوای ڕفێنراوەکاندا و کار بۆ گەڕانەوەی ڕفێنراوەکان بۆ خێزانەکانیان دەکرێت، داواشی لەو هاوڵاتیانە کرد کە زانیارییان هەیە، "پێشکەشی بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیشتن بە کەسە ونبووەکان ئاسان بێت".

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئێزیدییەکان، دۆسییەکان پێکدێت لە "دۆسیە کارگێڕییەکان، دۆسیەی ئەمنی، دۆسیەی ئاوەدانکردنەوە" کە حکومەت کاری لەسەر کردووە و کاری لەسەر دەکات.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، کە حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە واژۆ کردووە، تا دەست بەسەر شەنگالدا بگرن و دان بە خۆبەڕێوەبەری شەنگالدا نەنێن، لەو چوارچێوەیەشدا، سوپای عێراق چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر شەنگال و ئامانجی گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنکە سەربازییانەی، لە کاتی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگالدا چۆڵیان کرد، تا داعش کۆمەڵکوژی بکات.