بێگەرد تاڵەبانی: لە مەترسی کەمی ئاوداین و سەرچاوە ئاوییەکان دەگیرێتەوە

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکرای کرد، مەترسیی کەمیی ئاو لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووە، سەرچاوە ئاویەکان دەگیرێتەوە و گوندەکان چۆڵبوون.

ناوەندی هەواڵ


بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ١٧ی تەمموز لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆنفراسێکی تایبەت بە ژینگە لە هەولێر، وتی: کەوتووینەتە نێو مەترسی کەمی ئاو، ڕۆژانە دەبینین سەرچاوە ئاویەکان دەگیرێتەوە، بەشێک لە کانی و کارێزەکانی وڵاتی خۆشمان بەبۆنەی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەواوە ڕووبەرووی وشک بوون دەبن، کە ئەوەش کاریگەریەکی گەورەی دروستکردووە لەسەر چۆڵبوونی بەشێک لە گوندەکان، نەمانی شێوازی بەخێوکردنی ئاژەڵداری گوندنیشینەکان و جوتیاران لەو ناوچانەی سەرچاوە ئاویەکانیان کەم بووەتەوە.

 

وتیشی: ئەرکی هەموومانە بەیەکەوە شان بدەینە بەر پڕۆسەیەکی گرنگ لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتەکەی خۆمان بپارێزین، هەروەها گۆڕانکاری بۆ شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هۆشیاریەکی زۆرە کە جوتیارەکانمان پێی ئاشنا بن، هەم بتوانرێت ئەو وزەیەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەیە، بۆ چۆنیەتی کشتوکاڵکردن و ئیدارەدانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایانەی کە پێویستە بدرێتە جوتیاران، دووبارە ڕێکبخرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تەکنەلۆژیایانەی پێویستە ببن بە بەشێک لە شێوازی کارکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئاشنا پێکردنی جوتیارەکان بەو تەکنەلۆژیایانە بۆ ئەوەی لە سیستمی تەقلیدی کۆن دەربچن، لە چۆنیەتی کشتوکاڵ کردن بچنە ناو سیستمێکی نوێ، کە ئێستا لە هەموو دونیادا کاری پێدەکرێت، کە بەکارهێنانی کەمترین ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی کەمترین ئاو و زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵیە بۆ ناو بازارەکان.