داواکاری وەزیرانی ژنی ٦ وڵات بۆ تاڵیبان: دەستبەجێ سنووردارکردنی ژنان هەڵبوەشێننەوە

لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە مەنگۆلستان، شەش وەزیری دەرەوەی وڵاتان کە ژنن، داوایان لە حکومەتی تاڵیبان کرد دەستبەجێ ئەو سیاسەت و کردەوانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ژنانی ئەفغانستانیان لە مافە مرۆییەکان و ئازادییە سەرەتاییەکانیان زەوت کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵات، کە ژنن، لەوانە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەندەنوسیا، لیختن‌شتاین، مەنگۆلستان و باشووری ئەفریقا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی حوزەیران، لە ئولانباتاری پایتەختی مەنگۆلستان پێداچوونەوەیان بە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە ئاشتیسازی و ئاسایش لەسەر ئاستی جیهانی دا، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەو سنووردارکردنانەیان کرد کە لەلایەن گروپی توندڕەوی تاڵیبانەوە بەسەر ژنانی ئەفغانستاندا سەپێندراوە.

 

لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەدا، کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی مەنگۆلستان بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە، ئەوان داوای بەشداریی تەواو و یەکسان و جدی و سەلامەتی ژنان دەکەن لە ئەفغانستان، داوا لە تاڵیبان دەکرێت دەستبەجێ ئەو سیاسەت و کردارانە بوەستێنێت کە ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانیان زەوت دەکەن، لەوانە مافی خوێندن و دامەزراندن، ئازادی هاتوچۆ و بەشداریکردنی تەواو و یەکسان و مانادار و سەلامەتی ژنان لە ژیانی گشتیدا .

 

هەروەها ژنە وەزیرەکانی دەرەوەی ئەم شەش وڵاتە، داوایان لە هەموو ڕێکخراو و وڵاتەکانی دیکە کردووە، کاریگەری خۆیان بە پشتبەستن بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێنن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیاسەتە توندانەی تاڵیبان دژی ژنانی ئەفغانستان.

 

نزیکەی دوو ساڵ بەسەر حوکمڕانی نایاسایی گروپی بناژۆخوازی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستاندا تێدەپەڕێت، هەر کە ئەم تاقمە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتە دەست، بەپێی ڕێکارەکانی دەسەڵاتی پێشوویان یاسای توندیان بەسەر ژنانی ئەفغانستاندا سەپاند و پەروەردە و کار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی تریان لە ژنان قەدەغە کرد.