شەوی ڕابردوو ٦٤ کۆچبەری کورد کە ژنی دووگیان و منداڵی تێدابوو، ڕزگار کران

شەوی ڕابردوو ٦٤ کۆچبەری کورد کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە لە دەریای ئیجە گیریان خواردبوو، ڕزگار کران.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای مەترسییەکانی کۆچکردن بە ڕێگەی قاچاخ، کۆچکردن بە ڕێگەی ئاو و دەریا بەردەوامی هەیە و دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەشتییەکی ماسیگگرتن لە دورگەیەکی یۆنان ژیرئاوکەوت، نزیکەی ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانیش تا ئێستا بێسەروشێنن، شەوی ڕابردووش یەختێک لە دەریای ئیجە گیری خوارد و مەترسی لەسەر ژیانی ٦٤ کۆچبەر دروستبوو، بەڵام توانرا هەموویان ڕزگار بکرێن.

 

ڕەنج پشدەری، رۆژنامەنووس و چالاکوان ئاماژەی بەوەکردووە، درەنگانی شەوی ڕابردوو یەختێک بە ٦٤ سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە گیری خواردبوو، کە سەرجەمی سەرنشینەکان کورد بوون، دوای ئەوەی ھێزەکانی دەریاوانی لە ڕێگەی ژمارە ١١٢ەوە ئاگادار کردووەتەوە، بەدەم پەنابەرانەوە چوون و دوای چەندین کاتژمێر تەواوی کۆچبەرە کوردەکان ڕزگار کران.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆچبەرەکان ژمارەیان ٦٤ سەرنشین بووە و لەناویاندا ژنی دووگیان و منداڵ ھەبووە، کە بە ھاوکاری ھێزی دەریاوانی و نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان سەرجەمیان ڕزگار کران.