لە ڕێپێوانێکدا ژنانی مەغریب پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی فەلەستین دەربڕی

ڕێپێوانی ملیۆنی لە مەغریب ڕێکخرا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بۆ دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو ژنانەی فەڵەستین کە ڕووبەڕووی جینۆساید و توندوتیژی بوونەتەوە بەشداربوون.

 

 

حەنان حارت

 

مەغریب- هەزاران کەس لە مەغریب ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم لە ڕابات خۆپیشاندانیان ئەنجامداو پشتیوانی خۆیان بۆ فەڵەستینییەکان دەربڕی کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژە ڕووبەڕووی بۆردومانە چڕ و بەردەوامەکانی ئیسرائیل بوونەتەوەو بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی.

 

لە میانەی ڕێپێوانەکەدا بەشداربووان ئاڵای فەڵەستین، مەغریب و وێنەی مزگەوتی ئەقسایان هەڵدا و دروشمی پشتیوانی لە کەرتی غەزەیان دەوتەوەو سڵاویان لە خۆڕاگری گەلی فەڵەستین کرد.

 

ئەمینە سەبیل، بەشداربووی ڕێپێوانەکە، پشتیوانی و هاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی فەڵەستین دەربڕی و وتی: بەشداری لەم ڕێپێوانەدا دەکەین لەگەڵ هەموو ژنانی مەغریب کە بەرگری لە پرسی فەڵەستین دەکەن، باوەڕمان بە دادپەروەری هەیەو پیویستە داگیرکاری بوەستێندرێت.

 

یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی ڕێپێوانەکە، خەدیجە مەنازل وتی: بە توندی پشتیوانی لە خەڵکی فەڵەستین دەکەین، بەتایبەتی خەڵکی غەزە، کە ئێستا لەژێر بۆردوماندان ئەمە هەوڵێکە لەلایەن داگیرکەرەوە بۆ جینۆسایدکردنی دانیشتوان، بە توندی هەموو ئەو توندوتیژی و کوشتنانە شەرمەزار دەکەین کە لە دژی ئەم گەلە ئەنجام دەدرێن.

 

بێدەنگی نێودەوڵەتی هەیە

ئاماژەی بەوەشکرد کە خەڵکی فەڵەستین چەندین ساڵە لەبەردەم بێدەنگی نێودەوڵەتیدا ئازار دەچێژن و ڕووبەڕووی خراپترین شێوەکانی ئەشکەنجە بوونەتەوە، وتی: وەک ژنان بەشداری لەم ڕێپێوانەدا دەکەین بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێین یەکگرتوو بن بۆ لابردنی نادادپەروەری دژی گەلی فەڵەستین و کار بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان دەکەین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین یارمەتی پێشکەش بکەن.

 

بەشداربووان پەیامی هاوکارییان بۆ ژنانی فەڵەستینی نارد کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و بۆردومان بوونەتەوە و پێیان وایە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل تاوانی جەنگە دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی بێچەکن کە بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن و پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن، هەروەها داوای دەستێوەردانی بەپەلەیان کرد بۆ ڕاگرتنی تەقەکردن لە خەڵکی بێتاوان و دەستبەجێ کۆتایی هێنان بە گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزە و گەڕاندنەوەی ئاو و گاز و کارەبا.