لیبیا... پاسەوانی کەنار دەریا نزیکەی ١٠٠ پەنابەر ڕزگار دەکەن

کەناراوەکانی لیبیا و تونس یەکێکن لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوە بۆ کۆچبەرانی نایاسایی کە بە بەلەم بەرەو ئەوروپا دەڕۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا پشتڕاستیان کردەوە، زۆربەی ئەو پەنابەرانەیان ڕزگارکردووە کە لەناو ئەو دوو بەلەمدا بوون دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی لیبیاوە ڕۆیشتن، هێشتا ژمارەیەک لە پەنابەرەکان بێسەروشوێنن.

 

میدیاکان ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم ڕایانگەیاند پەیوەندی لەگەڵ ١٠٣ پەنابەردا پچراوە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سواری دوو بەلەم بوون کە هەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی گەیشتن بە کەناراوەکانی ئەوروپا بەڕێکەوتبوون.

 

یەکەم بەلەم کە ٨٣ پەنابەری تێدابوو، لەنێویاندا ٣٢یان خەڵکی شاری کۆبانێی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەڕێکەوتبوون.

 

بەلەمی دووەم لە ٩ی ئەم مانگەدا لە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ بەڕێکەوتبوو کاتژمێرێک دواتر لەلایەن بەلەمێکی پاسەوانی کەناراوەوە ڕێگرییان لێکرا و گواسترانەوە بۆ زیندانێک لە شارۆچکەی عەین زارا لە شاری تەرابلوسی لیبیا.

 

پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا ڕایگەیاند، ئەو پەنابەرانەیان ڕزگارکردووە کە لە یەکەم بەلەمدا نوقم بوون لەبەر هۆکارێکی نەزانراو، دوو کەسیان لە دەریادا ونبوون و ئەوانی دیکەش گواستراونەتەوە بۆ زیندانێکی شاری بەنغازی لیبیا.