خەڵاتی "کارین" بەخشرایە ژنانی لە ئەنفال بەجێماو
شەشەمین خەڵاتی ئاڵتونی 'کارین' بەخشرایە پێنج ژنی لە ئەنفال بەجێماو، کە لەدوای کارەساتی ئەنفال توانیویانە پشت بە خۆیان ببەخست و منداڵەکانیان گەروەبکەن و ژیانیان بۆ دابین بکەن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، لە ناحیەی ڕزگاریی سەر بە کەلار، لە مەراسیمێک دا شەشەمین خەڵاتی ئاڵتونی 'کارین' بەخشرایە پێنج ژن کە لە کارەساتی ئەنفال بەجێماون، هەرچەندە ئەو کارەساتانەیان بەسەر هاتووە بەڵام توانیویانە پشت بە خۆیان ببەستن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، خەڵاتی ئاڵتونی کارین، پرۆژەیەکی ساڵانەی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانیە، ساڵانە مەدالیای ئاڵتونی بە پێنج لە ژنانی ئەنفال دەبەخشێت، بەتایبەتی دایکان.
کارین ملۆدۆخ، ژنێکی بە رەگەز ئەڵمانییە، مامۆستای زانکۆی بەرلینە، دکتۆرای لەدەرونناسی دا هەیە و تێزی دکتۆراکەشی لەسەر ژنانی ئەنفالە، ماوەی ٣٣ ساڵە لە گەرمیان کار دەکات بەتایبەت لەبواری ئەنفالدا و سەرپەرشتیاری گشتی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانییە.
ئەمساڵیش لە وەرزی شەشەمی دابەشکردنی خەڵاتەکە، مەدالیا بە هەریەک لە "شوكریه حەسەن حسێن، هەنار نوری غێدان، سەعدیه محەمەد رەحیم، قەدریه عەلی جەوهەر، ئامینه عەلی حەمه ئەمین" بەخشرا.
ژیانی بەشێک لەو ژنانە بەم شێوەیە بووە
ئامینه عەلی حەمه، لەساڵی ١٩٦٠ له گوندی سپی سەر لەدایكبووه، نزیكەی ٨٠ كەسی بنەماڵەكەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون، هاوکات یەكێكه لە ژنه هەره چالاكەكانی پرسی ئەنفال له گەرمیان.
شوكریه حەسەن، ساڵی ١٩٤٣ لەدایکبووە، لەکاتی پرۆسەی ئەنفال دا له گوندی نەوجول بووە، سێ لە ئەندامانی خێزانەکەی بەر پڕۆسەی ئەنفال کەوتوون، هەنار نوری، له ساڵی ١٩٦٩ لەدایكبووه، لەكاتی پرۆسەی ئەنفال دا لە زینانه بووە، ئەکات تەمەنی ٢١ ساڵ بووە، بەهەمان شێوە سێ لە ئەندامانی خێزانەکەی بەر ئەنفال کەوتوون.
سەعدیه محەمەد، لەدایکبووی ١٩٦٣ـیە، چوار لە ئەندامانی خێزانەکەی بەر کارەسات ئەنفال کەوتوون، هەروەها قەدریه عەلی، له ساڵی ١٩٦٢، له گوندی قەواڵی لەدایكبووه، پێنج لە ئەندامانی خێزانەکەی ئەنفالبوون، جگە لەوەش بۆ ماوەی شەش مانگ له زیندانی تۆپزاوه زیندانی بووە.