"هاتووم دەنگ بدەم تا داهاتوو زیاتر ژنان لە پەرلەمان ببینەوە"
کاتژمێرێک ماوە بۆ تەواوبوونی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان و بە تایبەت ژنان بە جۆش و خرۆشەوە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
دیڤان سیهاد
ڕانیە- پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە تێیدا ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ١٨٢ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، بەردەوامە و دەنگدەران بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکان لە داهاتوودا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
شارا عومەر غەفور، ژنێکی دانیشتووی شاری ڕانیەیە و هاتووە بۆ دەنگدان، داواش دەکات هاوڵاتیان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەڵێت: ئەمڕۆ هاتووم دەنگ بدەم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زیاتر ژنان لە پەرلەمان ببینمەوە، تاکو پشتگیری لە مافەکانمان بکەن.
هەروەها ئاماژە بەوە دەدات، "هیوادارم چۆن ئێمە ئەو کەسانەی کە دەچنە پەرلەمانمان لە بیر نەکرد، ئەوانیش ئێمە لە بیر نەکەن".
هەڵبژاردنی خۆلی شەشەمی پەرلەمان بە بەشداری هەزار و ١٩١ بەربژێری لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆ کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن، کە ٨٢٩ بەربژێری پیاو و ٣٦٨ بەربژێری ژن لەخۆ دەگرێت. بڕیارە هەڵبژاردن تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوام بێت.