بەهۆی ململانێکانەوە برسێتی هەڕەشە لە دانیشتووانی سودان دەکات

دوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە سەدان منداڵ لە سودان بەرکەوتەی بەدخۆراکی توند دەبن، بەهۆی زیادبوونی نائاسایشی خۆراک و پەککەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە حەوتەم مانگدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست برسێتی و بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن لەو وڵاتەدا زیادی کردووە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان-یونیسێف ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو خێزانانەی بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن لە سودان زیادی کردووە، ئەمەش دوای شەش مانگ لە ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ٧٠٠ هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، هەروەها ١٠٠ هەزار منداڵ پێویستیان بە چارەسەری ڕزگارکەری ژیان هەیە بەهۆی بەدخۆراکی توند کە لەگەڵ ئاڵۆزییە پزیشکییەکان دایە، یونیسێف دووپاتی کردەوە، زیاتر لە ٢٠.٣ ملیۆن کەس واتە زیاتر لە ٪٤٢ی دانیشتووانی سودان ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نائاسایشی خۆراکی توند دەبنەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی شەڕ و پێکدادان تیایدا چڕە، وەک دارفور، خەرتوم، باشوور و وێست کۆردۆفان.

 

بەپێی پێشبینییەکانی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، لانیکەم ١٠ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵان تا کۆتایی ئەمساڵ مەترسی مردنیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی نائەمنی خۆراک و پەککەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە سەرەتای ململانێکانەوە، زیاتر لە ٧.١ ملیۆن ئاوارە لە ناوەوە و دەرەوەی سودان هەن و بەرزترین ئاستی ئاوارەبوونە لە جیهاندا.

 

ماوەی ٧ مانگە ململانێکان لە سودان بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە نۆ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە.