نەتەوە یەکگرتووەکان: توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا لە ئاستێکی مەترسیداردایە

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئاستی توندوتیژی دژ بە ژنان لە تورکیا لە مەترسیدایە و داوای لە تورکیا کرد بەزووترین کات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆبوونەوەی 53ی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بینای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێف بەردەوامە،  لە چوارچێوەی دانیشتنەکەدا ڕیم ئه لسەلیم، ڕاپۆرتێکی لەسەر توندوتیژی دژ به ژنان له تورکیا بڵاوکردەوە.

 

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستە سەر ئاستی بەردەوامی توندوتیژی دژ بە ژنان لە تورکیا لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتیدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە کۆی ١٠ ژن ٤ ژنیان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ڕاپۆرتەکە ڕەخنەی لەو لێدوانانە گرت کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرمییەوە دراون سەبارەت بە ناسنامەی ژنان، ئاماژە بەوەکراوە، توندوتیژی بە بەیاننامەکان زیاد بووە.

 

لە ماوەی ١٠ ساڵدا لانیکەم سێ هەزار و ١٧٥ ژن کوژراون

بەگوێرەی سەرچاوە حکومییەکان، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٠ لانیکەم سێ هەزارو ١٧٥ ژن لە تورکیا کوژراون.

 

ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١،  ٣٠٠ جار زیاترەو ڕێژەی کوشتنی ژنان زۆر زیاترە، ئەو ژنانەی کە توندوتیژییان لەسەرە پارێزراو نین، ڕێژەی مردنی گوماناوی ژنان و ناچارکردن بە خۆکوشتن مەترسیدارە، توندوتیژی لە تورکیا لەناو ماڵدا بڵاوبووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، لە ساڵی ٢٠١٦دا ١٦٢ هەزار و ١١٠ ڕووداو لە تورکیا تۆمارکراون، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ٢٦١ هەزارو ٨١٧، بەپێی زانیارییەکان لە تورکیا ١٢٪ی ژنان لە هەر کاتێکی ژیانیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ دا ٥٪ یان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

 

"توندوتیژی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا"

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە توندوتیژی دژ بە ژنان لە سیاسەتدا بەڕێکخستن کراوەو ژنان لە سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەهۆی جیاکارییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی هەراسانکردن و توندوتیژی بوونەتەوەو تەنها یەک ژن لە کابینەی سەرۆکایەتیدا هەیە.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هاوسەرگیری منداڵان لە دڵی وڵاتەکەدایەو زیاتر لە ٢٦٪ی ژنان پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە.

 

"ژنان ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و هەراسانکردن دەبنەوە"

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ژنان و منداڵان بە شێوەیەکی سەرەکی؛ ژنانی کورد، پەنابەران و کۆچبەران، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ژنانی دووڕەگەزخواز و ترانسڕەگەزخواز لە مەترسی توندوتیژیدان.

 

"با تورکیا دەستبەجێ بگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ئیستەنبوڵ"

ڕیم ئەلسەلیم، نێردەی تایبەت ڕایگەیاند پێویستە تورکیا دەستبەجێ بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت جێبەجێکردنی یاساکانی دژە تیرۆر دژی ژنان واز لێ بهێندرێت بۆ ئەوەی بتوانن خەباتی ڕەوایان بە ئازادی بکەن.